هەرێمی کوردستان بە 245 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتەسەر؛ 5 گیانلەدەستدان و 23 بریندار هەن

 
رووداو دیجیتاڵ

‎بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکاوە لەگەڵ ئێران، تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، هەرێمی کوردستان بە 245 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر.
 
‎بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی تۆڕی میدیایی رووداو، تەنیا ئەمڕۆ چوارشەممە بە 17 درۆن هەرێمی كوردستان هێرشی کراوەتە سەر.
 
‎سنووری پارێزگای هەولێر بە 205 درۆن و مووشەک، سلێمانی بە 34 درۆن و مووشەک، دهۆک چوار درۆن و هەڵەبجەش بە دوو درۆن هێرشی کراوەتەسەر.
 
‎لە هێرشەکاندا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 23 کەسیش بریندار بوون.
 
‎زۆرترین هێرش بۆ سەر هەولێر بووە
 
‎بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، 205 هێرشی درۆن و مووشەک کراونەتە سەر شوێنە جیاوازەکانی پارێزگای هەولێر و زۆربەیان شارەکەیان کردووەتە ئامانج.
 
‎هێرشەکانی سلێمانی کەمتر بوون و لە 03ـی ئادارەوە بە 34 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر. دوایین هێرشی درۆنیش ئەمڕۆ گوندی زڕگوێزەڵەی لە پارێزگاکە كردە ئامانج، لە ئەنجامیدا پێشمەرگەیەكی كۆمەڵە گیانی لەدەستدا و دووانی دیكەش بریندار بوون.
 
‎بەگوێرەی ئامارەکان، سێ هێرش بە چوار درۆن کراونەتە سەر پارێزگای دهۆک. لە یەکێک لە هێرشەکاندا شەوی 05ـی ئادار، کێڵگەی نەوتی سەرسنگ کرایە ئامانج و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە راگیرا.
 
‎لە هەڵەبجە کەمترین هێرش کراوە. 7ـی ئادار بە دوو درۆن چیای شنروێ لە سنووری پارێزگاکە هێرشی کرایەسەر. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێرشەکە بۆسەر تاوەرەکانی پەیوەندیی کۆمپانیاکانی پەیوەندی بوو.
 
‎ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون یان درۆن و مووشەکیان لێ کەوتووەتە خوارەوە

‎پارێزگای هەولێر: درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، چۆمان و سۆران.

‎پارێزگای سلێمانی: سلێمانی، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی فەرماندیی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ
 
پارێزگای دهۆک: کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ و گوندێکی سنووری ئاکرێ.
 
پارێزگای هەڵەبجە: چیای شنروێ
 
‎لە ئەنجامی هێرشەكان پێنج كەس گیانیان لەدەستداوە؛ چوار پێشمەرگەی دوو حیزبی رۆژهەڵات و یەك ئاسایش لە فڕۆكەخانەی هەولێر.
 
‎هەر بەهۆی هێرشەكانەوە 23 كەس برینداربوون، 11 یان لە هێزە ئەمنییەكان، پاسەوانانی تایبەت و خەڵكی سڤیل بوون، 12 یان پێشمەرگەی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بوون.
 
‎جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستان و هەولێر دەستیان پێکرد.
 
‎زۆربەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی سەر رۆژهەڵاتی کوردستان  لەلایەن ئێران کراون، هەروەها گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە ئێران پشتیوانیان دەکات بەرپرسیاریێتیی زۆربەی ئەو هێرشانەیان لە ئەستۆ گرتووە، کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.