لە نەغەدە کەسێک کوژرا

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی شەڕ و ناکۆکیی نێوان چەند هاووڵاتی لە شاری نەغەدەی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەسێک کوژرا و نۆ کەسی دیکەش بریندار بوون، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، دوای رووداوەکە بکوژ دەستگیرکراوە.
 
عەمید حیسام سەڵاحی، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری نەغەدەی سەر بە پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی شەڕی بەکۆمەڵ و پێکدادانی نێوان چەندین کەس، کەسێک گیانی لەدەستداوە و نۆی دیکەش بریندار بوون.
 
حیسام سەڵاحی گوتی، دەستبەجێ تیمەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لە ماوەیەکی کەمدا توانرا بکوژ دەستگیر بکرێت و دوای کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە، رادەستی دەسەڵاتی دادی شارەکە کراوە.
 
پۆلیسی نەغەدە سەبارەت بە هۆکاری شەڕەکە هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، کوژراوەکە و سەرجەم ئەو کەسانەی لە شەڕەکەدا بریندار بوون، تورکی ئازەرین و رووداوەکە لە یەکێک لە ناوچە تورکنشینەکانی شاری نەغەدە روویداوە.
 
ئەو شارە دەکەوێتە 95 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی ورمێ، کە دانیشتووانەکەی لە دوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەری پێکدێن.