یەکێتی داوای پۆستی قایمقامی مەخموور دەکات و پارتیش دەڵێت بە هەڵبژاردنە
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا داوای پۆستی قایمقامی قەزای مەخموور دەکات. ئەندامێکی پارتیش لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێت، پێویستە پۆستەکە بە هەڵبژاردن یەکلایی بکرێتەوە.
محەممەد جاسم کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاری نەینەوا، رۆژی پێنجشەممە 11ی نیسانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای جەژنی رەمەزان لایەنەکان گفتوگۆ لەسەر بابەتی دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای نەینەوا دەکەن، بۆ ئەوەی هەر لایەنێک بەپێی شایستەی خۆی پشک و بەرکەوتەی لە پۆستەکان بەرکەوێت.
محەممەد جاسم کاکەیی کە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانییە، دەڵێت، یەکێتی داوای پۆستی بەڕێوەبەری ئاوەڕۆکانی نەینەوا دەکات، لەگەڵ قایمقامی قەزایەک، شێخان، یاخود مەخموور.
کاکەیی، کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە لە ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "بەپێی شایستەی هەڵبژاردن، پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان لەنێوان پۆستی قەزاکانی شێخان و مەخموور یەکێکیان هەڵبژێرێت، بە ئەگەری زۆرەوە شێخان بۆ پارتی و مەخموور بۆ یەکێتی دەبێت، بۆ قایمقامی قەزای شنگالیش دەبێت کوردێکی ئێزدی بە رەزامەندی هەمووان دیاری بکرێت".
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا چوار ئەندامی هەیە، تائێستا پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگاری بەدەستهێناوە، ئەویش سیروان رۆژبەیانییە.
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە 11ی نیسانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تائێستا گفتوگۆ لەسەر پۆستەکانی دیکە نەکراوە، بەڵام دوای جەژن گفتوگۆکان دەستپێدەکات، پارێزگای نەینەوا لە 32 یەکەی کارگێڕی پێکدێت، پێویستە بە هەڵبژاردن یەکلابکرێنەوە نەک دابەشکردنی نێوان لایەنەکان.
ئەحمەد دووبەردانی روونیکردەوە، "بەپێی مادە 8ی یاسای ژمارە 21ی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، دوای شەش مانگ لە هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن، پێویستە هەڵبژاردن لە قەزا و ناحییەکان بکرێت بۆ هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان، بەڵام تائێستا هیچ خولێکی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەمە نەکراوە، بەڵام دەبێت ئەمجارە ئەو هەڵبژاردنە بکرێت، دانیشتوانەکانیان خۆیان قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە هەڵبژێرن".
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە کە سێیان کۆتان (کریستیان، کوردانی ئێزدی و شەبەک). پارتی دیموکراتی کوردستان چوار ئەندام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوو ئەندامی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.
رۆژی 5ی شوباتی 2024، لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای نەینەوادا، عەبدولقادر دەخیل، بە زۆرینەی دەنگ بە پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا؛ ئەحمەد حاسوود، بە سەرۆکی ئەنجوومەن و محەممەد جبووری، بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵبژێردران.
رۆژی 10ی شوباتی 2024 سیروان رۆژبەیانی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بە جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرایەوە؛ هەروەها عومەر نامیق، لە لیستی ناسنامەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی رەیان کلدانی، بە جێگری دووەمی جێگری پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا.