نێچیرڤان بارزانی: کۆبوونەوەم لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان زۆر بەرهەمدار بوو

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لە گرنگیی "کاراکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی" بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا کردووەتەوە و داوا دەکات، "ئەم دەرفەتە مێژووییە" لەدەستنەدرێت.
 
ئەمڕۆ هەینی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە. 
 
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکی تۆری کۆمەڵایەتیی ئێکسدا دەڵێت: "کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان هەبوو."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا "جەختم لە گرنگیی کاراکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا وەک رێگەیەک بەرەو سەقامگیری و ئاشتیی بەردەوام کردەوە."
 
تشرینی یەکەمی پار، بەرپرسانی تورکیا ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی دیکەی ئاشتی دەربڕی بۆ ئەوەی کۆتایی بە 40 ساڵی پڕ لە شەڕ و کوشتاری سوپای وڵاتەکەیان و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بهێنن، کە گۆڕەپانی بەشێکی گەورەی، چیاکانی هەرێمی کوردستان بووە. 
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە 27ی شوبات بانگی لە بزووتنەوەکەی کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.  سێ رۆژ دوای ئەوە، فەرماندەکانی گەریلاکان تاکلایەنانە ئاگربەستیان لەگەڵ تورکیا راگەیاند. 
 
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "دووپاتم کردەوە کە پێویستە سوود لەم دەرفەتە مێژووییە وەربگیرێت و دەبێت پەکەکەش بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجەلان بداتەوە."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "هەروەها باسی کۆبوونەوەی ئەم دواییانەی سەرۆک ئەردۆغان و شاندی دەم پارتی و گرنگییەکەی بۆ گفتوگۆ و ئاشتی کرد."
 
پەکەکە پێشتر ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی وەک لە بانگەوازی ئۆجەلاندا هاتووە، چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی خۆی لە کۆنگرەیەکەدا رابگەیێنێت، بەڵام داوا دەکات رێبەرە تەمەن 77 ساڵانەکەیان کە زیاتر لە 26 ساڵە لە دوورگەی ئیمراڵی لە نزیک ئیستەنبووڵ لە زینداندا گۆشەگیرکراوە، سەرپەرشتیی کۆنگرەکە بکات. 
 
لە دوایین هەنگاودا بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی چارەسەری، شاندێکی دەم پارتی، کە گەورەترین پارتی زۆرینە کوردی باکووری کوردستان و تورکیایە، رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی کۆماری پێشوازی لە سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان کرد، ئەو شاندەی کە وەک نێوەندگیر و پەیامبەر لە نێوان ئیمراڵ و ئەنقەرەدا رۆڵ دەگێڕێت. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات:"باسی کۆبوونەوەی ئەم دواییانەی سەرۆک ئەردۆغان و شاندی دەم پارتی و گرنگییەکەیمان بۆ گفتوگۆ و ئاشتی کرد."