نزار کەنچی؛ لە ئامێدییەوە بۆ کۆشکی کۆماریی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
ناوی ئامێدی، ئەو شارە دێرینەی کە پایتەختی میرنشینی بەهدینان و دەروازەی زانست و مەعریفە بووە، ئێستا خەریکە دەبێتە پاشگری ناوی سەرۆک کۆماری عێراق
نزار کەنچی ئامێدی، لە ساڵی 1968 لە ئامێدی لەدایکبووە، بەڵام زیاتر لە 30 ساڵە لەبەر کاری حیزبی و سیاسی، ئامێدی جێهێشتووە و بەرەو سلێمانی و بەغدا چووە.
کامەران کەنچی - ئامۆزای نزار ئامێدی: "مرۆڤێک بوو خاوەن فکر و دیدگا بوو، لەو کاتەدا پێویست بوو ئامێدی جێبهێڵێت؛ داهاتوو و ژیانی سیاسی وای لێکرد بۆ چەندین ساڵ لە ئامێدی دوور بکەوێتەوە، بەڵام هەمیشە پەیوەندیی بە شارەکەی خۆیەوە ماوە و زۆری خۆش دەوێت، ئامێدی ناوێکی گەورەیە بۆ ئەو".
نزار خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە ئامێدی تەواو کردووە و هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە.
دوای تەواوکردنی خوێندن، نزار لە ساڵی 1994 لە نووسینگەی جەلال تاڵەبانی دەستی بەکار کردووە
سەڵاح سەعید - پێشمەرگەی دێرین: "نزار، دەتوانم بڵێم تاکە کەسە کە هێندە ساڵ لە نووسینگەی جەناب مام جەلال پێکەوە بوون. بڕوا ناکەم تەنانەت بۆ جارێکیش کێشەیەکی بچووک لەنێوانیاندا دروست بووبێت، زۆر تەبا بوون و مام جەلال زۆری خۆش دەویست".
نزار کەنچی ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. لە ساڵی 2022 تا 2024 وەزیری ژینگەی عێراق بووە و دواتر بووەتە بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە بەغدا.