لەنێو مینی پاسێکەوە بۆ هەموو جیهان؛ چیرۆکی عەشقی گەنجێکی کورد و کچێکی ئەمریکی


رووداو دیجیتاڵ

چوار ساڵە تەنیا یەک ناونیشانیان هەیە، ئەویش نێو مینی پاسێکی کارەباییە کە کردوویانەتە ماڵ و پێی دەگەڕێن. زەرڤان، گەنجێکی کورد و تەیلەر، کچێکی ئەمریکی، بڕیاریانداوە ژیانیان لەسەر چوار ویل و لەنێو رێگەکاندا بەسەربەرن.
 
لە هەر کوێیەک خۆر ئاوا بێت، دەبێتە ماڵی ئەو شەوەیان؛ چێشت لێنان، خەو و حەسانەوە، هەمووی لەو پاسە بچووکەدا کۆبووەتەوە کە بە هەموو جیهاندا دەیانگەڕێنێت.
 
زەرڤان دەڵێت، "9 ساڵ پێش ئێستا تەیلەرم لە بەرلین ناسی و سێ ساڵ لەمەوبەریش ژیانی هاوژینیمان پێکهێنا. لە سەردەمی کۆرۆنادا بەرلین چیتر وەک پێشتر چێژی نەما، بۆیە بڕیارێکی گەورەمان دا؛ گوتمان با بە جیهاندا بگەڕێین. یەکەم وێستگەمان ئەندۆنیزیا بوو، پاشان تایلاند و ڤێتنام. دوای ساڵێک گەڕانەوە بۆ ئەورووپا، ئێستاش ساڵێکە لە ئەمریکاین و دەمانەوێت هەموو ویلایەتەکانی ببینین."
 
زەرڤان هەرچەندە لە بەرلین لەدایکبووە و گەورە بووە، بەڵام رەگ و ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ قەزای 'ڤارتۆ' لە پارێزگای مووش لە باکووری کوردستان. کاتێک تەیلەر بۆ خوێندن لە ئەڵمانیا بوو، ئەم عەشقە سەری هەڵدا.
 
تەیلەر وەک وەفایەک بۆ ئەو خۆشەویستییە، بڕیاریدا فێری زمانی کوردی ببێت. بەختێکی باشی هەبوو، چونکە باوکی زەرڤان خۆی مامۆستای زمانی کوردییە و رێگەکەی بۆ کورتکردەوە.
 
تەیلەر دەڵێت، "تەمەنم 17 ساڵ بوو چوومە بەرلین بۆ خوێندن و لەوێ زەرڤانم ناسی. فێری کوردی بووم چونکە زەرڤانم زۆر خۆش دەوێت؛ ویستم بە زمانەکەی خۆی لەگەڵ خێزانەکەی بدوێم. زمانی کوردیم لە قوتابخانەی 'ئادار' لای باوکی زەرڤان فێربوو. زۆر خولیای کولتووری کوردیم و گوێ لە گۆرانیی کوردی دەگرم، تەنیا شتێک کە ماومە فێری ببم، هەڵپەڕکێی کوردییە."
 
ئەم دوو هاوژینە تائێستا بە 25 وڵاتی سێ کیشوەری جیاوازدا گەڕاون. ئێستا لەنێو سرووشتی ئەمریکادا دەخوولێنەوە، بەڵام خەونی گەورەی زەرڤان ئەوەیە؛ رۆژێک بێت تەیلەر بباتەوە بۆ زێدی باووباپیرانی و پێکەوە بەنێو چیاکانی کوردستاندا بگەڕێن.