کەشناسی: ئەمڕۆ و سبەی باران دەبارێ

رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ باران دەبارێ و پێشبینیش دەکرێ سبەی باران و تەرزە لە بەشێکی باشووری کوردستان ببارێ. کەشناسێکیش پێشبینی دەکات، لە سێشەممەوە کەشوهەوا ئاسایی بێتەوە.
 
بەگوێرەی کەشناسی هەرێمی کوردستان، "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ئەگەری بارانبارین لە ناوچە جیاکان هەیە. پێشبینی تاوەبارانی کورتخایەن و هەورە برووسکە لە زۆرینەی ناوچەکان دەکرێ".
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە، کەشناسی رایگەیاند: "ئاسمان نیمچەهەور دەبێ؛ دوای نیوەڕۆ نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێ. سبەی پێشبینی تاوەبارانی بەخوڕ و تەرزەبارین لە هەندێک کات دەکرێ، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای هەولێر، دەوروبەری ئیدارەی راپەرین، دەڤەری گەرمیان و بەشێک لە سنووروی پارێزگای کەرکووک".
 
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ پێشبینی رێژنەباران هەیە، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان".
 
ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات، سبەی "رێژنەبارانی بەهێز لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ببارێ. هەروەها ئەگەری بارینی تەرزە هەیە".
 
موفتی پێشبینی ئەوەی کرد، سبەی ئاستی ئاو لە دۆڵ و شوێنە نزمەکان بەرزبێتەوە و گوتی: "دووشەممە ئەگەری بارانبارین دەمێنێت".
 
ئەو شارەزایەی کەشناسی دەڵێ: "رۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێیجشەممە کەشوهەوا خۆش دەبێ و هەوری بێ باران دەبێ، ئەگەر تاوەبارانی کورتمەودای بەهارە نەبێ".
 
پلەی گەرمای سبەی لە باشووری کوردستان:
هەولێر؛ 19 پلەی سیلیزی 
سلێمانی؛ 17 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 17 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 18 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 24 پلەی سیلیزی
پیرمام؛ 14 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 15 پلەی سیلیزی 
حاجی ئۆمەران؛ 8 پلەی سیلیزی 
چەمچەماڵ؛ 18 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 17 پلەی سیلیزی 
گەرمیان؛ 22 پلەی سیلیزی