دوو سەرچاوە: پێدانی گازی ماڵان ئاسایی دەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە 28ـی شوباتەوە پێدانی گازی ماڵان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کاریگەریی جەنگەوە کەمبووەتەوە و نرخی گازی بازرگانی بەرزبووەتەوە. بەڕێوەبەرێک لە سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، بەرهەمهێنانی گاز بە توانای زۆر لە سەرچاوەکەیەوە دەستیپێکردووەتەوە و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە. 
 
ئەمڕۆ شەممە، یەکێک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستیپێکردووەتەوە".
 
بەگوێرەی سەرچاوەکەی رووداو، دوای ئاگربەستی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و راگرتنی شەڕ لە 8ـی نیسان، "هەموو بەشەکانی کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەمهێنانیان دەستپێکردەوە".
 
بەهۆی جەنگەوە لە 28ـی شوبات، کارکردن لەکێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان وەستا، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی نرخی بوتڵێک گازی ماڵان بەشێوەی بازرگانی بەرزبێتەوە تاوەکو نزیکەی 30 هەزار دینار، لەکاتێکدا حکومەت بوتڵێک بە 8 هەزار و 500 دینار دابەش دەکات.
 
لەبارەی بەرهەمی گازی (LPG) کە بە گازی ماڵان ناسراوە، ئەو بەرپرسە گوتی: "بەرهەمهێنانی ئێڵ پی جی دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام بۆ گەیشتن بە بڕی پێویست کاتی دەوێ".
 
سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگاداریش بە رووداوی گوت، دەست بە کۆی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی، گازی ماڵان و کۆندێنسەیت کراوەتەوە. 
 
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند، پێشبینی دەکرێ لە چەند رۆژی داهاتوودا دۆخەکە تەواو ئاسایی دەبێتەوە و گازی پێویست بگاتەوە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا. 
 
چوارشەممە 8ـی نیسان، ئەمریکا و ئێران رایانگەیاند بۆ دوو هەفتە جەنگ رادەگرن و دەست بە گفتوگۆ دەکەن.