بەفر ئاستەنگی هاتووچۆی لە 163 گوندی باکووری کوردستان دروست کردووە
رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژە بەفرێکی زۆر لە چوار پارێزگای باکووری کوردستان باریووە و ئەوەش بووەهۆی داخستنی رێگەی 163 گوند و ئاوایی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی تورکیا، لە بەرەبەیانی 9ـی نیسانی 2026ـەوە شەپۆلێکی بەفربارین پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، ئەردەخان، ئەرزینگان و قەرسی گرتەوە.
کەشناسیی تورکیا دەڵێ، شەپۆلەکە سبەی یەکشەممە 12ـی مانگیش بەردەوام دەبێ.
هەرچەندە شارەوانییەکانی ئەو چوار پارێزگایەی باکووری کوردستان ئەمڕۆ رێگەی 12 گوندیان لە ئەردەخان، 49 گوند لە ئەرزینگان، 5 گوند لە قەرس کردەوە، بەڵام بەردەوامبوونی بەفربارین هۆکار بوو بۆ داخستنی زیاتری رێگەی گوند و ئاواییەکان.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی تورکیا دەڵێ، سەرەڕای هەوڵی کردنەوەی رێگەکان، لە هەر چوار پارێزگاکەدا 163 رێگەی گوند، ئاوایی و کێڵگە داخراون.
لە سێ رۆژی رابردوودا لە وان، جۆلەمێرگ و بەدلیسیش بەفرێکی زۆر باری. لە بەشێکی دیکەی پارێزگاکانی باکووری کوردستان، لێزمەباران دەبارێ و هۆشداری لە دروستبوونی لافاو دەدرێ.