هەژماری من: ئەوانەی سبەی ناویان لە لیستی مووچەیە تاوەکو نیوەڕۆ پارە دەچێتە سەر هەژمارەکانیان
رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی (هەژماری من) دەڵێ، ئەو مووچەخۆرانەی سبەی ناویان لە لیستی مووچە هەیە و لە پڕۆژەکەدا تۆمارکراون، تاوەکو نیوەڕۆ پارە دەچێتە سەر هەژماریان. بەگوێرەی ئامارەکان، ئێستا زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا ناویان تۆمارکردووە.
رۆژی شەممە، 11ـی نیسانی 2026، پڕۆژەی (هەژماری من) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی پارەی مووچە دەخرێتە سەر هەژماری مووچەخۆران. کاتەکەی بەپێی بانکەکان دەگۆڕێت؛ هەندێکیان زووتر و هەندێکیان درەنگتر، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا سبەی تاوەکو نیوەڕۆ گشت مووچەخۆران پارە دەچێتە سەر هەژمارەکانیان، دەتوانن لە رێگەی ئامێرەکانی ATM مووچەکانیان وەرگرن".
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گوتی: "سبەی بەیانییەکەی پارە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق دەخرێتە سەر هەژماری گەنجینەکانی هەرێمی کوردستان و راستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت".
تیمی "هەژماری من" ئاماژە بەوە دەکەن، وەرگرتنی مووچە بەپێی خشتەی دابەشکردنی مووچە دەبێت و "مووچەخۆران بەگوێرەی لیستی راگەیێندراو دەتوانن مووچەکانیان وەرگرن؛ هەر کەسێک ناوی لە لیستی سبەیدا بێت، هەمان رۆژ پارە دەچێتە سەر هەژمارەکەی."
ئامارە نوێیەکانی پڕۆژەی هەژماری من:
بەپێی ئەو داتایانەی پڕۆژەی هەژماری من بڵاویکردوونەتەوە، پڕۆژەکە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و ئامارەکان بەم شێوەیەن:
تۆمارکراوان: زیاتر لە 900 هەزار کەس.
کارتە دابەشکراوەکان: 762 هەزار کارت.
ئامێرەکانی ATM: دانانی 572 ئامێر لە زیاتر لە 200 شوێنی جیاواز.
وەرگرتنی مووچە: 736 هەزار مووچەخۆر لەم مانگەدا مووچەکانیان لە رێگەی هەژماری منەوە وەردەگرن.
دابەشبوونی مووچەخۆران بەپێی پارێزگاکان:
پڕۆژەکە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان چالاکە و دابەشبوونی ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی لە رێگەی پڕۆژەکەوە مووچە وەردەگرن بەم شێوەیەیە:
هەولێر: 358,224 مووچەخۆر.
سلێمانی: 192,496 مووچەخۆر.
دهۆک: 176,521 مووچەخۆر.
هەڵەبجە: 8,617 مووچەخۆر.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆژەکە سەرجەم چین و توێژەکانی گرتووەتەوە، بەشێوەیەک: 352 هەزار فەرمانبەری مەدەنی، 218 هەزار پێشمەرگە و ئاسایش، 149 هەزار خانەنشین و 17 هەزار لە خێزانی شەهیدان لە رێگەی ئەم سیستمەوە مووچە وەردەگرن.
پڕۆژەی هەژماری من ئاماژە بەوەش دەکات، فەرمانبەران بۆ هەر کێشە و پرسیارێک دەتوانن پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەکەوە بکەن لە رێگەی ژمارە (1991).
رۆژی 9ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیاند: "پارەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە 957 ملیار و 122 ملیۆنە گەیشتە سەر هەژماری بانکی ناوەندی" و یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەن.