مامێكی مەلا شوان: چەندینجار شوانم بە سەرخۆشی لە پشت سەیتەرە هێناوەتەوە

رووداو – هەولێر

 كورد بە "مەلا شوانی تیرۆریست" یان "مەلا شوانی خۆفرۆش" ناوی دەبەن. لە ریزی چەكدارانی داعشیشدا بە "ئەبو هارون ئەلكوردی" یان "ئەبو عائیشە" ناسراوە. چەكدارە كوردەكانی نێو داعشیش لە تویتەكانیان لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بە "شێخ" ناوی دەهێنن. ئەم مەلا چەكدارە كوردەی نێو داعش كە زۆرترین هەواڵی لە میدیا كوردییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە لەسەر بڵاودەكرێتەوە، دوایینجار لە هەڵمەتێكی بەناو بانگخوازیی داعشدا لەناو هۆڵێك لە قەزای حەویجەی باشووری رۆژئاوای كەركووك دەركەوت، هەفتەی رابردووش هەواڵی دەستگیركردنی لەلایەن داعشەوە بڵاوكرایەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو هەواڵە پشتڕاست نەكراوەتەوە.

مەلا شوان لە مزگەوتی مام جەعفەر لە شارۆچكەی دارەتوو، لە نزیك هەولێر پێشنوێژ و وتارخوێن بوو، مانگی 11/2014 چووە ریزی چەكدارانی داعش، بەپێی زانیارییەكان بە خاوەنی مزگەوتەكەی گوتووە بە سەردان دەچێتە سلێمانی، بەڵام لە رێگەی كەركووكەوە چووەتە نێو داعش.

مەلا شوان فەرمانبەری وەزارەتی ئەوقاف بوو، ئەگەرچی هەر زوو وێنە و هەواڵی بڵاوبووەوە كە چووەتە نێو داعش، بەڵام دوای سێ‌ مانگ ئینجا وەزارەتی ئەوقاف فەسڵی كرد.

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، تاوەكو ئێستا 48 فەرمانبەری وەزارەتی ئەوقاف چوونەتە نێو داعش، نزیكەی 5 هەزار مزگەوت لە هەرێمی كوردستاندا هەن كە زۆربەیان وتاریان تێدا دەخوێندرێتەوە، بەڵام مەلا شوان تاكە وتاربێژی كوردە لە هەرێمی كوردستان چووبێتە نێو ئەو رێكخراوە.


گەنجێتی و خوێندنی  مەلا شوان

شوان سەڵاح محەممەد (مەلا شوان) لەدایكبووی ساڵی 1986ە، تاوەكو پۆلی 9ی بنەڕەتی خوێندووە، لە پۆلی 10ی ئامادەیی لە بەشی وێژەیی دەرنەچووە، بەپێی كارتی نمرەكانی پۆلی 10ی وێژەیی، لە ساڵی 2010، لە زۆربەی وانەكاندا كەوتووە و تەنیا لە یەك وانەدا دەرچووە.

مەلا شوان لەساڵی 2006 ژنی هێناوە. باوكی دوو كچە بە ناوەكانی (هانا و هالە)، دوو خوشك و دوو برای هەیە و دایك و باوكی لە هەولێر دادەنیشن. باوكی مەلا خاوەن پێداویستی تایبەتە. مەلا شوان سەر بە یەكێك لە عەشیرەتە دیارەكانی كوردستانە و لە بنەڕەتدا خەڵكی گوندی زێبارۆكی سەر بە قەزای شەقڵاوەیە. سەرجەم دانیشتووانی گوندەكەی مەلا شوان موسڵمانن و مزگەوتێكیش لە ناوەڕاستی گوندەكەدا هەیە.

خەڵكی گوندەكەی دەڵێن ماڵی باوكی مەلا شوان زۆر لە مێژە لە گوند نەماون، مەلا شوانیش لە شاری هەولێر لەدایكبووە و لە گەڕەكی بێركۆتی شاری هەولێر گەورە بووە و هەر لەوێش ژنی هێناوە.

حەمەدەمین رەمەزان كە خزمی مەلا شوانە و بەشداری لە ئاهەنگی ژنگواستنەوەی مەلادا كردووە، بە (رووداو)ی گوت "شوان، وەكو هەموو گەنجانی گوندەكە بە هەڵپەڕكێ و شایی رەشبەڵەك ژنی گواستەوە، ئەوكات ئەو شتانەی نەبوو بڵێت ئەمە گوناهە و ئەمە حەرامە".

"بە پارە بووەتە مەلا"

مامێكی مەلا شوان پێشمەرگەیە و لە سەنگەرێكی هێزەكانی پێشمەرگەدا كە چەند كیلۆمەترێك لە چەكدارانی داعشەوە دوور بوو، قسەی بۆ (رووداو) كرد. ئەو مامەی مەلا لەبەر باری ئەمنی و كاردانەوەی كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعش بەرامبەر ئەوان، نەیویست وێنە و ناوی بڵاوبكرێتەوە. ئەو رەتیكردەوە مەلا شوان مەلا بووبێت و گوتی "شوان ماوەی 6 مانگ چووە دهۆك و پاشان پەیمانگەی تەواو كرد، هەمووی كەمتر لە سێ ساڵی خایاند، گوتی بوومەتە مەلا، لە خوێندنیش واستەی كرد و لەگەڵ مەلایەكی دیكە 8 هەزار دۆلاری دا تاوەكو بووە مەلا".

مەلا شوان سەر بە بیروباوەڕی سەلەفیی جیهادی بوو، بەڵام د.عەبدوللەتیف ئەحمەد كە رابەری سەلەفییەكانی كوردستانە، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا باسی مەلا شوان دەكات و دەڵێت "پێشتر مەلا شوان لە دهۆك چوو بووە حوجرەیەك لای مامۆستایەكی سەلەفی، بەڵام قبوڵیان نەكردبوو، ئێستاش بووەتە موفتیی داعش".

مەیخواردنەوە و پەیوەندی لەگەڵ ژنان

مامی مەلا شوان باسی سەردەمی گەنجێتی مەلا شوانی كرد كە بەپێی قسەی ئەو كەسێكی سەر بە كێشە بووە. ئەو مامەی مەلا شوان گوتی "چەند جارێك خەریك بووە ژنەكەی تەڵاق بدات، چونكە بەهۆی سەرخۆشییەوە بەردەوام كێشەی بۆ ماڵەوە دروست دەكرد، لە پشت سەیتەرەی هەولێر دەیخواردەوە، تەنانەت چەند جارێك خۆم هێناومەتەوە، بە سەرخۆشی لەوێ دەكەوت".

ئەو مامەی ئاشكرای كرد كە ژنەكەی چەند جارێك لە مەلا شوان تۆراوە و چووەتەوە ماڵی باوكی "مەلا شوان دوای ژنهێنانیش هەر بەدوای ژنەوە بوو، بۆیە ژنەكەی زیز دەبوو، هەموو جارێك من دەمهێنایەوە، دەمگوت لەبەر خاتری منداڵەكان بگەڕێوە لای".

كەسوكاری مەلا شوان زۆربەیان پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایشن، وەكو مامی باسیدەكات، ئەو تاكە كەسی نێو بنەماڵەكەیەتی كە هەڵگری بیروباوەڕی سەلەفیەتە. مامی مەلا شوان گوتی ئەوان زۆر خەم بەوە دەخۆن كە ئەو كوڕەی بنەماڵەكەیان چووەتە نێو داعش "تەنانەت دایكیشی هەموو رۆژێك دوای نوێژەكان دوعا دەكات تۆپێك بەر كوڕەكەی بكەوێ و پارچە پارچەی بكات".

دوو مامی لە شەڕی داعشدا بریندار بوون

وەك مامی مەلا شوان باسی كرد، باپیری مەلا شوان پێشمەرگەی ئەیلول بووە، مامێكی پێشمەرگەی پارتی بووە و شەهید بووە. هەروەها دوو مامی لە شەڕی دژی داعشدا بریندار بوون، ئێستاش برایەكی پێشمەرگەیە.

مامی مەلا شوان هەرچەندە لە سەنگەرێكی پێشمەرگەدا بەرامبەر داعش قسەی دەكرد، بەڵام پێیوایە چوونی مەلا شوان بۆ نێو داعش، بووەتە مایەی "شەرمەزاری" بۆ بنەماڵەكەیان.

ئەو مامەی مەلا شوان بەسەرهاتی سەرەتای شەڕی دژی داعش دەگێڕێتەوە "دوو برام لە دەستپێكی شەڕی دژی داعش لە رەبیعە بریندار بوون، ئەوكات هێشتا شوان نەچووبووە نێو داعش، بە برینداری لە رێگەی سووریاوە هێناماننەوە هەولێر. شوان دوای شەو و رۆژێك ئینجا هاتە لای مامەكانی، پێكەنینی پێدەهاتن، یەكجار سەری لێدان و چیدی نەهاتەوە".

خەریكە دەیكەنە بن لادن

حەمەدەمین رەمەزان، دانیشتووی گوندی زێبارۆك، سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەبڕی كە چۆن مەلا شوان لە بنەماڵەی ئەواندا ئەو بیری توندڕەوییەی هەڵگرتووە. بەڵام بە كەسێكی بێ‌ كاریگەری ناوبرد و گوتی "لە گوندەكەماندا زیاتر لە 150 كەس پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسمان هەن. مەلا شوان كەسێكە هەڵخەڵەتێنراوە. پرسیارەكە ئەوەیە، ئەو توانیویەتی یەك كەس لە گوندەكەمان بباتە نێو داعش؟ بێگومان نەخێر".

ئەو پیاوە دەڵێت "جیهاد ئەوەیە كە ئێمە بەرگری لە شەرەف و كەرامەت و خاكمان دەكەین، بۆیە حاشا لە هەر كەسێك دەكەین بچێتە نێو تیرۆریستان، داوا لە خەڵك دەكەم مەلا شوان ئەوەندە گەورە نەكەن. بەبێ ئەوەی بیناسن، خەریكە دەیكەن بە ئوسامە بنلادن".

فارس ئیسماعیل، بەساڵاچوویەكی گوندەكەی مەلا شوانە و بە سەرسوڕمانەوە گوتی "باشە ماقووڵە ئێمە هەموومان كافر بین و مەلا شوان موسڵمان بێت! خاك و شەرەف و كەسوكاری بەجێهێشت، بە من ناڵێن مەلا شوان دوای چی كەوتووە؟".

 ئاسایش ئاگادار دەكەنەوە

مەلا شوان بەر لەوەی ببێتە وتاربێژ، لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە لەسەر بیری توندڕەوی دەستگیر كراوە، ماوەی 3 مانگ زیندانی كراوە. مامەكەی دەڵێت "كەسمان ئامادە نەبووین ببینە كەفیلی، بەڵام ئاسایش بەبێ كەفیل ئازادی كرد".

مامی مەلا شوان باسی لەوە كرد كە پێشتر لایەنە ئەمنییەكانیان لە توندڕەویی مەلا شوان ئاگاداركردبووەوە "بەر لەوەی بچێتە نێو داعش برایەكم هەواڵی دابوو بە ئاسایش و پۆلیس و ئەوقاف. كە شوان لە وتارەكانیدا بە خراپە باسی پێشمەرگە دەكات و دەڵێ پێشمەرگە كافرە، بۆیە خەتای حكومەتە نەیانگرتووە، گومانمان لێی هەبوو پەیوەندی لەگەڵ داعش هەیە، چونكە قسە و هەڵسوكەوت و جل پۆشینەكانی زۆر لەوان دەچوو".

لەو كاتەی چووەتە نێو داعش هەر دوو كچەكەی و ژنە دوو گیانەكەی لەگەڵ خۆیدا بردووە، دەنگۆی ئەوە هەبوو دوو كەسیشی لەگەڵ خۆی بردبێ. دەگوترێ‌ یەكێك لەو گەنجانە قوتابی زانكۆی سەلاحەددین بووە، ئەوەی دیكەش كارمەندی یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر بووە، بەڵام چارەنووسی ئەو دوو گەنجە دیار نییە.

مامی مەلا شوان رەتیكردەوە كە برازاكەی لە پێناوی خودا و بۆ ئیسلام چووبێتە نێو داعش و گوتی "شوان بۆ جیهادی نیكاح چووەتە نێو داعش، چونكە بەرلەوەی بچێتە نێو داعش لە رووی رەوشتەوە كەسایەتییەكی خراپی هەبوو".

دەبێتە نوكتەی سەر زاری خەڵك

تا ئێستا ئەو مەلا داعشە چەندین جار هەڕەشەی لە پێشمەرگە و شار و شارۆچكەكانی كوردستان كردووە، تەنانەت هەڕەشەی لە مەلاكانی كوردستان كرد و بە "مەلای خۆفرۆش" ناوی بردن.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆكانی مەلا شوان، كە هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان دەكات، نازانێت چەند شەممەیە و چەندی مانگە، لە نێو خەڵك زۆر نوكتەی لەسەر گوترا. حەمەدەمین رەمەزان دەڵێت "مەلا شوان كەس باسی نەدەكرد، چووە نێو داعش بۆ ئەوەی خەڵك باسی بكات".

مەلا شوان هەڕەشەیە؟

مەلا شوان دوای پەیوەندیكردنی بە چەكدارانی داعش، تاوەكو ئێستا چەند جارێك هەواڵی كوژرانی بڵاوكراوەتەوە. بەڵام ئەو هەموو جارێك بە وێنە و ڤیدیۆ هەواڵی كوژرانی رەتكردووەتەوە.

مەلا شوان لە نێو داعش بەرپرسیارێتی پێدراوە و بەڕێوەبەری دیوانی دعوە و مزگەوتەكانە لە ولایەتی كەركووك. هەروەها دەگوترێ‌ بەرپرسی دیلەكانیشە لەو ویلایەتە، بۆ یەكەمجاریش لەگەڵ چەند دیلێكی پێشمەرگە دەركەوت و لەوێ‌ داعش مایكی پێهەڵگرتووە و قسە لەگەڵ پێشمەرگەكان دەكات.

ترسناكترین وێنە و ڤیدیۆی مەلا شوان كە تاوەكو ئێستا بڵاوكراوەتەوە، سەربڕینی چوار چەكداری حەشدی شەعبییە لەلایەن داعشەوە كە مەلا شوان سەری یەكێكیان دەبڕێت.

هەروەها لە ماوەی رابردوودا دوو گرتەی ڤیدۆیی بڵاوكردەوە كە دوو چەكداری داعش بە دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوەوە دەردەكەون و مەلا شوان دەڵێت ئەو ئۆتۆمبێل و چەكدارانە ئامادە كراون بۆ ئەوەی خۆیان بە پێشمەرگەدا بتەقێننەوە، یەكێك لە چەكدارەكانیش كەسێكی بە تەمەن بوو.

شەوی 30ـی كانوونی دووەمی 2015، مەلا شوان هاوڕێ لەگەڵ چەند كوردێكی دیكەی نێو داعش، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا، بە زمانی كوردی هەڕەشەی داگیركردنی كەركووك و هەولێری كرد و رایگەیاند كە رۆژی هەینی چەكدارانی داعش دەگەنە نێو شاری كەركووك.

هەرچەندە سەرەتا چەكدارانی داعش پێشڕەوییان كرد، بەڵام دواتر هێزەكانی پێشمەرگە هێرشیان كردە سەریان و تێكیانشكاندن. لەو شەڕەدا ژمارەیەكی زۆر لە چەكداری داعش كوژران كە ژمارەیەكی زۆریان چەكداری كورد بوون.

ئەوكات ئەنوەر حاجی عوسمان، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند كە مەلا شوان لەو شەڕەدا كوژراوە، بەڵام دووبارە مەلا شوان دەركەوتەوە.

ماوەیەكی زۆر مەلا شوان بزر بوو، دواتر لە بۆنەیەكی داعشدا لە حەویجە دەركەوتەوە كە لە هۆڵێكدا لەسەر كورسییەك دانیشتووە. سەرچاوەیەكی ئەمنی باسی هۆكاری ونبوونی مەلا شوانی كرد لەو ماوەیە و بە (رووداو)ی گوت "رۆژی 10/4/2015 هەوڵی كوشتنی مەلا شوان دراوە، بەڵام لەو هەوڵە رزگاری بووە و دەست و قاچێكی بریندار بووە، ئەم ماوەیەش هەر لەبەر ئەوە دیار نەبوو".

ئەگەرچی  ئێستا مەلا شوان بووەتە بنێشتەخۆشەی سەر زاری خەڵك و زۆرجار نوكتەی لەسەر دەكرێ‌، بەڵام دوایین تەقینەوە كە مانگی رابردوو لە شارۆچكەی عەنكاوە روویدا، بە ئیعازی مەلا شوان بووە، ئەمەش بەپێی ئیعتیرافی ئەو كەسانەی لەسەر ئەو تەقینەوەیە دەستگیركران.

دەستگیركراوە؟

رۆژی 7ی ئایار جارێكی دیكە مەلا شوان بووەوە رۆژەڤی میدیا ناوخۆیی و عەرەبییەكان، ئەویش دوای ئەوەی ئاژانسی سۆمەرییە نیوز بڵاوی كردەوە كە مەلا شوان بە "تۆمەتی خیانەتكردن" لەلایەن داعشەوە دەستگیركراوە و لەو كەركووكەوە گواستراوەتەوە بۆ شاری مووسڵ.

سەرچاوەیەك بە سۆمەرییە نیوزی گوتووە "داعش رایگەیاندووە هۆكاری دەستگیركردنی مەلا شوان خیانەتكردنە، بەڵام لەراستیدا وانییە، بەڵكو هۆكاری دەستگیركردنی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێستا ئەو گرووپە بڕوای بە سەركردە و چەكدارە عێراقییەكانی نێو ریزەكانی خۆی نەماوە و ئەمەش بەهۆی شكستە بەردەوامەكانییەوە لەشەڕەكاندا، بۆیە بەنیازە لە سەركردایەتیكردنی شەڕەكان دووریانبخاتەوە و كەسانی بیانی لەشوێنەكانیان دابنێ". ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، مەلا شوان بەدەستگیركراوی گواستراوەتەوە بۆ شاری مووسڵ تاوەكو لەلایەن دادگای شەرعیی داعشەوە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكرێت.

هەرچەندە چوار رۆژە هەواڵی دەستگیركردنی مەلا شوان بڵاوكراوەتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا نە داعش و نە چەكدارە كوردەكانی نێو داعش بە تایبەتی ئەوانەی نزیكن لە مەلا شوان و بەردەوام چالاكییەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكەنەوە، هەواڵەكەیان پشتڕاست نەكردووەتەوە و رەتیشیان نەكردووەتەوە.