کۆڵبەران مافی بیمە و خانەنشینی نایانگرێتەوە
رووداو - هەولێر
کۆڵبەرانی نێوان سنوورەكانی رۆژهەڵات و باشووری كوردستان مافی بیمە و خانەنشینی نایانگرێتەوە و هیچ سەندیکایەکی تایبەتیش بە مافەكانیان نییە.
ئەو کۆڵبەرانە بەردەوام لە شەڕێکی نابەرابەردان لەگەڵ ژیان و یاسا و دەسەڵات. ئەوان گوێیان لە نایاسایی بوون و قەدەغەی هێنان و بردنی کاڵای قاچاخی نییە، گوێیان لەو هۆشدارانەش نییە کە دەڵێن کاڵای قاچاخ زیان لە وەبەرهێنانی ناوخۆیی دەدات. ئەوان دەڵێن بازرگانیی یاسایی و وەبەرهێنانی ناوخۆیی نانی منداڵەکانیان نادات و سەری مانگ کرێخانووەکانیان بۆ نادات. لای ئەوان تەنیا برسێتیی ژن و منداڵەکانیان قاچاخ و نایاساییە. بۆیە خۆیان لە سەرما و گەرمادا رێگای هاتونەهاتی چیا و شاخ و رێگا ناهەموارەکانی سنوور و تەنانەت مەترسیی کەوتەنەبەر دەسڕێژی هێزەکانی ئێران و چوون بەسەر مینەکانی پاشماوەی شەڕیش دەگرنەبەر.
هەموو کەرەستەی هاتووچۆ و مەکینەی گواستنەوەیان هێزی باسک و لاقی خۆیانە. زۆرجار هەڵگرتنی باری قورس لەپێیان دەخات و بۆ هەمیشە خانەنشینیان دەکات بێئەوەی هیچ مافێکی بیمە و مووچەی خانەنشینی یان لەکارکەوتەییان بەرکەوێت. هەقدەستەکەیان بەشێوەی رۆژانە و بەپێی ئەو بارەیە کە دەیگوازنەوە. نە مووچەی مانگانەی جێگیریان هەیە، نە پشووی هەفتانە و مانگانە و ساڵانە. تەنیا یەک رۆژ نەچنە سەر کار نانی شێویان نابێت.
بەهەموو پێوەرەکانی کارکردن بە کرێکار ئەژمار دەکرێن بەڵام نە کاژێر و ماوەی کارکردنیان دیاریکراوە نە تەنانەت سەندیکایەکیان بۆ بەدواداچوونی ماف و داواکارییەکانیان هەیە. ئەوان هەر مافی ئەوەیان نییە کە ماف یان داواکارییەکیان هەبێت، چونکە سەرەڕای پێشینەی کۆنی کارەکەیان و ژمارەی زۆریان، کارەکەیان لە بنەڕەتدا نایاساییە و کەس بە فەرمییان ناناسێت. تەنانەت هیچ دامەزراوەیەکی مەدەنی و ناحکومیش نییە داکۆکییان لێ بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە مادەی 19ی یاسای بنەڕەتیی ئێران دەڵێت "هەموو جەماوەری ئێران لە هەر گەل و هۆزێک بن، بەهەر رەنگ و رەگەز و زمانێکەوە مافی یەکسانیان هەیە". مادەی 22ی ئەو یاسایەش جەخت لە رێزگرتن و پاراستنی گیان و ماڵی هەموو تاکەکانی ئێران دەکات.
شارەزایانی مافناسی دەڵێن حکومەت و دەسەڵاتی ئێران ئەگەر ئەو کۆڵبەرانە بە مرۆڤ و بەشێک لە دانیشتووانی ئێران دەزانێت، پێویستە بەپێی یاساکانی کار و سەندیکا کرێکارییەکان رێز لە مافەکانی ئەو کرێکارانە بگرێت.