پەرلەمانتارێک: پشکی حیزبەکان رێگرە لە دروستکردنی سندووقی داهاتی نەوت
رووداو دیجیتاڵ
یاسای سندووقی داهاتە نەوتییەکان لە ساڵی 2015وە دەرچووە و هێشتا جێبەجێ نەکراوە. بڕیاردەری لیژنەی کاروباری یاساییش لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت کە سەرەکیترین هۆکاری رێگر نەگونجانی لایەنە سیاسییەکانە لەسەر پشکەکانیان لەناو ئەم سندووقەدا.
جەلال محەممەد ئەمین، بڕیاردەری لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "جێبەجێنەکردنی یاسای سندووقی داهاتە نەوتییەکان چەند هۆکارێکی رێگری هەیە کە سەرەکیترینیان نەگونجانی لایەنە سیاسییەکانە لەسەر پشکەکانیان لەناو ئەم سندووقەدا، چونکە رێکنەکەوتن کە کێ سەرۆکی بێت و کێ ئەندامی بێت. ئیتر ئەو گرفتە درێژەی کێشا و نەتوانرا چارەسەر بکرێت."
یاسای سندوقی داهاتە نەوتییەكان لە پلانی چوار ساڵەی ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمی کوردستاندا لە بڕگەی شەشەمدایە كە بە جێبەجێکردنی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر چاكسازی و روونبوونی داهاتەكانی نەوت دەبێت.
بڕیاردەری لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "حکومەت لەم کابینەیەدا لە کارنامەکەیدا هاتبوو کە ئەو سندووقە چالاک ببێت و هەوڵ بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و خراپبەکارهێنانی سامانی نەوت بدرێت، بەڵام دیسانەوە لە دیاریکردنی کەسەکان بۆ پلەکان لە سندووقەکە کێشە هەیە. بە دانانی ئەم سندووقە زۆربەی گرفتەکانی داهاتی نەوت چارەسەر دەبن."
نەوت سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی هەرێمی کوردستانە و، بەشێک لە پەرلەمانتاران زووزوو گلەیی ئەوە لە حکومەت دەکەن کە داهات و خەرجیی نەوت روون نییە و بەو هۆیەیشەوە ناتوانرێت داهاتی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی بزانرێت.
جەلال محەممەد ئەمین گوتیشی: "بەهۆی جێبەجێنەکردنی یاسای سندووقی داهاتە نەوتییەکانەوە زیانێکی زۆری ماددی لە خەرجییەکانی نەوت بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە کە داهاتێکی زۆر لە خەرجییەکانی نەوتدا خەرج دەکرێت. ئەگەر ئەم سندووقە هەبێت کۆی داهاتی نەوت دێتە ناو ئەم سندووقەوە و خەرجییەکانی نەوتیش لەژێر چاودێریی ئەم سندووقەدا دەبێت و پوختەی داهات رادەستی حکومەت دەکرێت کە ئاسانکاری بۆ حکومەت دەکات و وا دەکات هاوسەنگی لە داهات و خەرجییەکاندا هەبێت."
لەساڵی 2015وە یاساكە لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچوو كە دەبوو پاش 90 ڕۆژ جێبەجێ بكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا بە جێبەجێنەكراوی ماوەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاساکە حیزبی و ئیدارین، هەروەها کەسانێک هەن کە بەرپرسیارێتییان هەیە سوودمەندن لەم بێسەروبەرەییەی نەوتفرۆشتن و خەرجییەکانی نەوت. کە تەنیا یەک حیزب و دوو حیزب نین و زۆربەی حیزبەکان تێیدا بەشدارن، تەنانەت کەسی سەربەخۆیش هەیە کە لەم جۆرە لە مامەڵەکردن سوودمەندە. هەر ئەوانەن کە دەبنە هۆی ئەوەی خەڵکە گشتییەکە زیانمەند بن."
چاودێران پێیانوایە کە هەبوونی جێبەجێکردنی یاسای سندووقی داهاتە نەوتییەکان متمانەی هاونیشتمانییان بە حکومەت زیاد دەکات و دەیشبێتە هۆی ئەوەی پەرلەمان و چاودێریی دارایی چالاکانەتر دەستیان بە داهات و خەرجییەکانی نەوت بگات.
د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێجی یاسای زانکۆی سەلاحەدین و پسپۆڕی گرێبەستە نەوتییەکان بە رادیۆی رووداوی گوت: "پێویستە داهاتە نەوتییەکان بە دامەزراوەیی بکرێن. ناکرێت داهاتە نەوتیەکان تێکەڵاوی داهاتە گشتییەکە بکرێت. بە هەبوونی ئەو سندووقە دەتوانرێت لە بودجەی ساڵانەدا داهاتە نەوتییەکان رێک بە دیاریکراوی دەربکەون. یەکێک لە سوودەکانی ئەم سندووقە ئەوەیە کە دوای ئەوەی لە رێگەیەوە ساڵانە ژمارەیەکی دیاریکراومان هەبوو، ئەو کاتە دەتوانین بزانین کە ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە جیهانی و نێوخۆییەکاندا کردوومانن چەندی زیان بووە و چەندی قازانج."
بڕیاردەری لیژنەی کاروباری یاساییش لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "بە داخەوە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە بابەتی فرۆشتن و بەکارهێنانەوەی نەوت لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا بە دامودەزگایی بکرێت؛ بە شێوازێک بێت کە کۆی داهاتی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا دیار بێت. تەنانەت رەنگە کەسە باڵاکانی ناو حکومەتیش راستەقینەی کۆی داهات و خەرجییەکانی نەوت و گاز نەزانن. بە داخەوە پەرلەمانیش نەیتوانیوە چاودێرێکی کارا بێت بەسەر دامودەزگاکانی نەوت و گازەوە."
سەرەتای مانگی ئایاری 2021 رێکخراوی روونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت راپۆرتی مانگی نیسانی 2021ـی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند لەو مانگەدا نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن 20 کەشتیی قەبارە جیاوە بارکراون و 10 کۆمپانیا کڕیاری نەوتی هەرێمی کوردستان بوون کە بۆ 7 وڵات رۆیشتووە، جگە لە مالیزیا سەرجەمی وڵاتەکان ئەوروپی بوون.
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی روونبین، لە مانگی نیساندا ئیتاڵیا زۆرترین نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ رۆشتووە کە بڕەکەی 4 ملیۆن و 707 هەزار و 308 بەرمیل بووە و رێژەی 40٪ـی کۆی نەوتی عەمبارکراو پێکدەهێنێت. پاشان یۆنان لە ریزبەندیی دووەم دێت و بڕی 3 ملیۆن و 376 هەزار و 915 بەرمیلی بۆ چووە کە 29٪ـی نەوتی عەمبارکراوی هەرێمی کوردستانە. لە ریزبەندیی سێیەمیشدا کرواتیا دێت کە 999 هەزار و 998 بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ چووە لە رێژەی 9٪ـی نەوتەکە دەکات. دواتر ئیسرائیل دێت کە 800 هەزار و یەک بەرمیلی بۆچووە و رێژەی 7٪ پێکدەهێنێت، دوای ئەویش ئیسپانیا، رۆمانیا و مالیزیا دێن.