لە فەرەنسا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە بەشێک لە خەڵکی دەچنە پارک و کەناراوەکان
رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی گەرما بەشێکی فەرەنسای گرتووەتەوە، لە شاری ڤێرسا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە بەشێک لە خەڵکی چوونەتە پارکی شارەکە.
رۆژی دووشەممە پلەی گەرما بۆ 25 پلەی سیلیزی و رۆژی سێشەممەش بۆ 30 پلەی سیلیزی بەرزبووەوە، ئەو پلانەی گەرما لە وڵاتێکی وەکو فەرەنسا لە ساڵێکی ئاساییدا لە گەرمترین رۆژەکانی ساڵدا تۆماردەکرێن.
کریستێل رۆبێرت، پێشبینیکار لە کەشناسیی فەرەنسا دەڵێت، "رۆژی سێشەممە پلەی گەرما لە ناوچەی ئاکویتەین گەیشتە 30 پلە، چوارشەممەش دەگاتە باکووری رۆژهەڵات، بۆیە دەکرێت پلەی گەرمای 30 پلە لە باشووری رۆژئاواوە بگاتە باکووری رۆژهەڵات و گوشار بخاتە سەر ناوچەکانی نێوەڕاستی وڵاتیش".
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەم کاتەدا ترسی ئەوەی دروستکردووە کە فەرەنسا رووبەڕووی وشکەساڵی بکاتەوە. هەربۆیە سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئاو لە 10 ناوچەی ئەو وڵاتە راگەیێندراوە و دەکرێت لە رۆژانی داهاتوویشدا 15 شوێنی دیکە رابگەیێندرێن.
کریستێل رۆبێرت، پێشبینیکار لە کەشناسیی فەرەنسا هەروەها باسی لەوەش کرد، "ئەم دۆخە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دروستبووە. رۆژانی گەرمتر دەبینین و پلەی گەرما لە 30 پلە تێپەڕدەکات، دواتر رەنگە شەپۆلی گەرماکە بەرزتر ببێتەوە و درێژتریش بێت".
لە ساڵانی رابردوودا بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە فەرەنسا، زۆر جار مردنی لێکەوتووەتەوە، بۆ نموونە، ساڵی 2019، هەزار و 435 کەس بەو هۆیەوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا.