لە شرنەخ ئۆتۆمبێل لە منداڵێکی پێنج ساڵان دەدات و دەیکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی هێزەخ سەر بە پارێزگای شرنەخ-ی باکووری کوردستان، ئۆتۆمبێلێک لە منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵانی دا، بەهۆیەوە منداڵەکە گیانی لەدەستدا و شوفێرەکەش رایکرد.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی هەینی 10ی ئایاری 2024 لەسەر رێگەی شارۆچکەی هێزەخ لەنزیک گوندی ئاتاکێنت سەر بە پارێزگای شرنەخ روویدا. منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵ بەناوی ئوموت کایا، لەو کاتەی بە شەقامە سەرەکییەکەدا تێپەڕی، ئۆتۆمبێلێک لێیدا و بە سەختی برینداری کرد. شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە نەوەستا و هەڵات.
ئوموت کایا بە خێرایی بە ئەمبوڵانس گواسترایەوە نەخۆشخانەی فێرکاریی شارۆچکەکە و سەرباری هەوڵی پزیشکەکان، لەنێو ژووری نەشتەرگەریدا گیانی لەدەستدا.
خەڵکی گوندی ئاتاکێنت دوای زانینی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئوموت-ی پێنج ساڵان، هەڵچوون و لە نزیک شوێنی رووداوەکەدا بە دانانی بەربەست و بەردی گەورە رێگەکەیان داخست و رایانگەیاند، لەم رێگەیەدا بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە چەندین هاونیشتمانیی گیانیان لەدەستداوە.
دواتر بەڕێوەبەری ئاسایشی شارۆچکەکە لەگەڵ هاونیشتمانییان کۆبووەوە و قایلی کردن شوێنەکە چۆڵ بکەن و رێگەکەش بەدەم هاتووچۆ بکەنەوە. بەڵێنی پێدان تاسە لەسەر رێگەکە دابنرێت.
پۆلیسی شارۆچکەکە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، ساڵی 2023 لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا 555 هەزار و 668 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ بەهۆیەوە 2984 کەس گیانیان لەدەستداوە و 354 هەزار و 323 کەس بریندار بوون.