سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی: بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی 29 گوند چاوەڕێی واژۆی وەزیری ناوخۆین

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، بودجەیەکی تایبەت بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی و ژیاندنەوەی پارکەکانی پارێزگاکە تەرخانکراوە، گوتیشی: ''بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی 29 گوند چاوەڕێی واژۆی وەزیری ناوخۆین.''
 
رۆژی شەممە، 11-05-2024، لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''کاری لەپێشینەمان زیاترکردنی رووبەری سەوزایی و پاراستنی ژینگەیە.''
 
شارەوانیی سلێمانی وەکو مەرجێک پێشنیازی کردووە، زیاتر لە 25٪ـی رووبەری هەر پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان سەوزایی بێت. لەیلا عومەر گوتی: ''پلانێک خراوەتەڕوو کە لەبری وەرگرتنەوەی قەرز لە کۆمپانیاکان، رووبەری سەوزایی زیاد بکەن.''
 
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی، ماوەیەکی دیکە داتا و ئامارەکان بڵاو دەکرێنەوە کە چەند کۆمپانیا، بەڵێندر و خاوەن تەلاری بازرگانی قەرزداری رێژەی سەوزایی بوونە، ''بەپێی رێنماییەکان، پابەندمان کردوون کە سەوزایییەکان لە بیناکەشیاندا نەبێت لە بینایەکی دیکەدا بکرێن.''
 
لەیلا عومەر وەکو هەڵمەتێک بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی، باس لە نۆژەنکردنەوەی پارکەکان دەکات و دەڵێت: ''پارکێکی زۆرمان لە شاری سلێمانی هەن کە نەمام و دارەکانیان بەرەو وشکبوون دەچوون، لەوانەش پارکی ئازادی کە زیاتر لە دوو ملیار دینارمان بۆ ژیاندنەوەی خەرجکردووە.''
 
وەک سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی پێکرد، بەشێک لە خەرجیی ژیاندنەوەی پارکەکان لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە دراوە و حکومەت لەبری ئەوە، زەویی پێداون.
 
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی زیادکردنی رووبەری سەوزایی، ئاودێرییە. لەیلا عومەر دەڵێت، پڕۆژەیەک بەردەستە بۆ خاوێنکردنەوەی (پاڵاوتن) ئاوی قورس و دووبارە بەکارهێنانەوەی بۆ ئاودانی نەمام و سەوزاییەکان، ئەگەر ئێمە ئەم پڕۆژەیە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕە بودجەیەکمان بۆ دەگەڕێتەوە.''
 
سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی باسی لە پڕۆسەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ کرد و گوتی: ''لیژنەی باڵا بە سەرۆکایەتیی پارێزگار و ئەندامێتیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کاری جدی لەسەر دەکات.'' 
 
لەیلا عومەر رایگەیاند، نۆرەی تاپۆکردن بگاتە هەر گەڕەکێک، ناوەکەی بڵاودەکرێتەوە و هاونیشتمانییان دەتوانن سەردانیان بکەن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان: ''دەبێ پەلە بکەن لە تەواوکردنی پڕۆسەکە، ئەوانەشی شموولی یاساکە نابن، ئەگەر قەرەبوو بیانگرێتەوە، لە رێگەی لیژنەی باڵاوە قەرەبوویان بۆ دیاری دەکرێت.''
 
یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لە سنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەر كراوە، ژمارە 3ی ساڵی 2019 لە 6ی تەممووزی 2021 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە هەموارکرایەوە و پەسند کرا، بەپێی هەمواری یاساکەش 5٪ی نرخی خانووەکە وەکو بڕە پارەیەک لە خاوەن ئەو خانووانەی زێدەڕۆن وەردەگیرێت، بۆ تاپۆکردنی خانووەکان.
 
مەرجە سەرەکییەکانی تاپۆکردنی هەر خانوویەکی زێدەڕۆ بریتییە لەوەی "لەسەر موڵکی حکومەت دروستکرابێت، تاوەکو 09-09-2022 داوای تاپۆکردنی کرابێت، پێش 31-12-2020 دروستکرابێت، دەبێت خەڵکی تێدا نیشتەجێ بێت، لە سنووری شارەوانییەکاندا بێت، دەبێت لە دەرەوەی ئاوەدانیی گوند بە نەخشەی کشتوکاڵی دروستکرابێت."
 
لەیلا عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین خانووی زێدەڕۆ لە 29 گوند هەن کە یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2019 دەیانگرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامەکەی لە وەزارەتی ناوخۆوە نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کارەوە، ''بۆیە داوا لە وەزیری ناوخۆ دەکەم واژۆ لەسەر بابەتەکە بکات، ئەگەر کاتەکەی تێپەڕ بێت و واژۆ نەکرێت، ئەو هەموو کۆمەڵە خەڵکە لە مافی تاپۆکردن بێبەری دەبن.''
 
بەپێی یاساکەی پەرلەمانی کوردستان دەسەڵات بە شارەوانییەکان دراوە خانووەکان بە موزایەدە بفرۆشێتەوە، ئەمەش دەبێتە کێشە بۆ ئەو کەسانەی لەخانووەکاندا نیشتەجێن. تاپۆکردنی خانووە بێ تاپۆکان لە ناو سەنتەری شاری سلێمانییەوە دەستیپێکردووە و دەرەوەی شاریشی گرتووەتەوە.