شۆفێرانی بارهەڵگر شاڕێگەی نێوان سلێمانی و هەولێر و رانیە بەڕووی بارهەڵگرەکان دادەخەن
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک شۆفێری بارهەڵگر رەخنە لە سنووردارکردنی هاتووچۆیان دەگرن و بە داخستنی سێڕییانی هیزۆپ، بایکۆتی بار گواستنەوەیان راگەیاندووە، دەشڵێن، "تاوەکو داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێن لە بایکۆت بەردەوام دەبین."
ئەمڕۆ شەممە 11-05-2024 ژمارەیەک شۆفێری بارهەڵگر لە سێڕییانی هیزۆپ، کە شارێگەی نێوان سلێمانی، رانیە و هەولێرە، گردبوونەوە و رێگەکەیان بەسەر بارهەڵگراندا داخستووە.
بۆ رێگری لە رووداوی هاتووچۆ و خراپیی رێگە، هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە هەندێک رێگەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر لەلایەن هاونیشتمانییان و حکومەتەوە سنووردار کراوە، ئەمەش بەربەستی بۆ شۆفێری بارهەڵگرەکان دروستکردووە و دەڵێن، "ئێستا هیزۆپ تاکە رێگەیە بۆ ئێمە و لۆدێکی زۆری لەسەرە، بە سێ یان چوار رۆژ دەگەینە هەولێر، بۆیە گردبووینەتەوە."
شۆفێر بارهەڵگرێک لە شوێنی گردبوونەوەکە بە ئەبوبەکر ئیسمائیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە لێرە رێگەمان لە خەڵک نەگرتووە و ئۆتۆمبێلی تایبەت هاتووچۆ دەکەن، رێگە لە خەڵک ناگرین، بەڵام رێگەی بارهەڵگرمان گرتووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە رێگەمان نەماوە بچین بۆ هەولێر، سلێمانی یان رانیە، ئەو شاڕێگەیانەی پێشتر هاتووچۆمان پێدا دەکرد، ئێستا هەموویان گیراون. لە کۆیە، سماقوڵی و بالیسان خەڵک رێگریمان لێ دەکەن."