ژمارەیەک حیزب بۆ یەک لیستی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سلێمانی کۆدەبنەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوێنێ ژمارەیەک لە حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ پرسی یەک لیستی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەمان ئەو لایەنانە ئەمڕۆش کۆدەبنەوە.
 
نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رەوتی هەڵوێست، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بەرەی گەل، بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان و چەند کەسایەتییەکی سەربەخۆ، دوێنێ لە بارەگای یەکگرتوو لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە، بڕیارە ئەمڕۆش لە بارەگای رەوتی هەڵوێست کۆببنەوە.
 
عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆش درێژەپێدەری کۆبوونەوەکەی دوێنی دەبێت".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆبوونەوەی دوێنێدا کە یەک لیستی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق تاوتوێ کراوە، هیچ بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە نەدراوە، هەربۆیە کۆبوونەوەکان درێژەیان دەبێت.
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسی یەکێک لە لایەنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا لە بارەگای رەوتی هەڵوێستین و ئەمڕۆش لایەنەکانی دوێنێ کۆدەبینەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ رێککەوتنێک نەکراوە. کاتێک رێککەوتن کرا، ئاشکرای دەکەین".
 
ئەو کۆبوونەوانە لەکاتێکدان، بڕیارە 11ـی مانگی 11ـی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.
 
دوێنێ پێش کۆبوونەوەکە، عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە گوتارێکدا لە کۆنفرانسی نێوخۆیی حیزبەکەی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بۆ یەک لیستی پڕۆژەیەک دەدەنە سەرجەم هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی.