دەم پارتی: زمانی کوردی هێڵی سووری کوردە
رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پێداگری لەوە دەکات، ئەگەر ئاشتی بێتە ئەم خاکە، دەبێت سەرەتا ئاشتی لەگەڵ زمانی کوردیدا بکرێت. دەشڵێت، "زمانی کوردی هێڵی سووری کوردە."
بۆ چالاکییەکانی "جەژنی زمانی کوردی،" کە رۆژی 15ی ئایاری هەموو ساڵێک لە باکووری کوردستان و تورکیا پیرۆز دەکرێت؛ دەم پارتی، پارتە کوردییەکانی باکوور و کۆمەڵە و رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی زمان، لە رۆژی 8ی مانگەوە دەستیان بە چالاکیی جۆراوجۆر کردووە. چالاکییەکان رۆژی 1ی حوزەیران کۆتاییان پێدێت.
لەو بارەیەوە، ئەمڕۆ 11ی ئایاری 2025 هەڤاڵ دڵبەهار، هاوگوتەبێژی کۆمسیۆنی زمان، کولتوور و هونەری دەم پارتی، لە چالاکییەکی تایبەت بۆ زمانی کوردی، لە ئامەدی باکووری کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد. رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتیی بەبێ زمانی کوردی نابێت. ئەگەر بڕیارە ئاشتی بێتە ئەم خاکە، دەبێت سەرەتا ئاشتی لەگەڵ زمانی کوردیدا بکرێت.
هەڤاڵ دڵبەهار گوتی، "ئاشتی لەگەڵ زمانی کوردی مژارێکە و سازشی لەسەر ناکرێت. خواستی کورد بەم ئاڕاستەیە جێگیرە، زمانی کوردی هێڵی سووری کوردە."
ئەو بەرپرسەی دەم پارتی راشیگەیاند، لەکاتی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا نکۆڵی لە کورد کرا. زمانی کوردی قەدەخە کرا، ئەوانەی بە کوردی قسەیان دەکرد سزا دەدران. لە قۆناخی جیاوازدا قسەکردن بە کوردی بە تاوان هەژمار کرا. سیاسەتی نکۆڵیکردن لە زمانی کوردی کۆتایی بە خەباتی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد هێنا. کورد 50 ساڵە خەباتێکی گەورە دەکات. پاراستنی زمانی کوردییش لە چەقی ئەم خەباتەدایە."
دڵبەهار راشیگەیاند، لە ئەنجامی بەردەوامبوون لە خەباتی پاراستن و خاوەنداریکردن لە زمانی کوردی، دەوڵەت زمانی کوردی پەسند کرد و ئاسانکاریی بۆ کرد، "بەڵام تاوەکو ئێستا زمانی فەرمیی نییە. سیاسەتی پشتگوێخستنی زمانی کوردی بەردەوامە. زمانێک لەنێو خێزان و لە دەرەوە قسە نەکرێت و بەکارنەهێندرێت، لەناو دەچێت. ئێستاش هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکرێت."
داوای لە شارەوانییەکان کرد، کاری لەپێشینەیان دەستگرتن بێت بە زمانی کورد و خاوەنداری بکرێت و رایگەیاند، بەبێ نان و ئاو، بەبێ رێگەی قیرتاوکراو، بەبێ خزمەتی گشتیی ژیان دەکرێت، بەڵام بەبێ زمان ژیان ناکرێت.
رۆژی 15ـی ئایاری 1932، جەلادەت عەلی بەدرخان و کۆمەڵێک رۆشنبیری کورد یەکەم ژمارەی گۆڤاری کوردی "هاوار"یان لە دیمەشق دەرکرد. تا ساڵی 1943 بەدرخان و هاوڕێیەکانی 57 ژمارەی ئەم گۆڤارەیان وەشاند. رۆژی 15ـی ئایاری هەموو ساڵێک وەکو جەژنی زمانی کوردی راگەیێندرا.