دیداری بازرگانیی سلێمانی و تورکیا؛ لە سێبەری قەدەخەی گەشتی ئاسمانی و هیوا بۆ کرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
دیداری بازرگانیی عێراق و تورکیا لە سلێمانی بەڕێوەچوو، ئامانج لێی دروستکردنی پەیوەندیی بازرگانیی نوێ و پتەوکردنی پەیوەندییە کۆنەکانە.
موسا، گەورە بازرگانێکی کوردە، هاونیشتمانیی جزیرەی بۆتانە لە باکووری کوردستان، پلانێکی بەرفراوانی هەیە بۆ کردنەوەی زنجیرەیەک کارگەی جۆراوجۆر لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بە قسەی خۆی بێت، کارێک دەکات کە خەڵک لە ئەورووپاوە بێنە کوردستان و کار بکەن.
موسا عەبدوڵڵا، بازرگانی کورد لە تورکیا دەڵێت، "دەمانەوێت ئەو نەریتە نەمێنێت کە پارە و داهاتی کوردستان بچێتە دەرەوە، بەڵکو وڵاتان بێن و پارە بهێننە ئێرە و شت بکڕن. ئەوە ئامانجی ئێمەیە، چونکە کوردستان ئارام و ئاسایشە."
حاجی دارا، بازرگانێکی سلێمانییە، ساڵانە بە بەهای 6 ملیۆن دۆلار مامەڵەی بازرگانی لە بوارەکانی خۆراک و پاککەرەوە لەگەڵ وڵاتی تورکیا دەکات، بەڵام چاوی لە زیاترە و داوا دەکات، تورکیا دەروازە بازرگانییەکانی بخاتە سەر پشت، بازرگانیی یەک ئاراستەی ئەو وڵاتە بکرێتە دوان و کاڵای هەرێمی کوردستانیش لە بازاڕی ئەو وڵاتە شوێنی خۆی بکاتەوە.
حاجی دارا، بازرگانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "تاوەکو ئێستا [لە تورکیاوە] تەنیا هاوردەمان هەبووە، ئامانجمانە هەناردە بکەین، بەڵام کەس یارمەتیمان نادات، چونکە هەناردە پێویستی بە یارمەتیی دەوڵەت هەیە."
پارێزگار و بەرپرسانی سلێمانی ئەو کۆڕبەندەیان بە دەرفەت زانی، قسەی چەند ساڵی رابردوویان لەوێ دووبارە کردەوە. داوا دەکەن تورکیا رێگەی ئاسمانی بەڕووی فڕۆکەخانەی شارەکەدا بکاتەوە.
عوسمان کارا، بازرگانی تورکیا ئەوەی خستەڕوو، "ئامانجمانە لە ئیستەنبووڵ، تورکیا، عێراق، سلێمانی و کوردستان بازرگانیی گەورەمان هەبێت، دەمانەوێت پەیوەندییەکی باش و برایەتی و بازرگانیی وا دروستبکەین، بازرگان و گەورە بازرگانەکان رووبکەن ئێرە."
قادر تانا، بازرگانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە بۆ ئەوە لێرەین، دەمانەوێت پەیوەندیی برایەتی لەنێوان سلێمانی و کوردستان لەگەڵ تورکیا دروستبکەین، پەیوەندییەکی دۆستایەتیی بازرگانیی دوور لە کێشە و گرفت، ئەوە ئامانجی ئێمەیە تاوەکو پێکەوە ئیش بکەین."
تورکیا لە ساڵی 2023وە ئابڵوقەی ئاسمانیی خستووەتە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، هیچ فڕۆکەیەک لە تورکیا یان وڵاتێکی دیکە بۆی نییە ئەو فڕۆکەخانە بەکاربهێنێت.