هاواری باپیری ئارش لە مزگەوتەوە تاوەکو گۆڕستان؛ "رۆڵە بێتاوانەکەم بۆ کوژرا؟"

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، باوک و کوڕێک بە ناوەکانی ئاوات ئیسماعیل و ئارشی کوڕی، لەکاتی چوونە سەر کار لە نزیک گوندی مەروێی سەر بە شارباژێڕ، کەوتنە بۆسەی پاسەوانانی سنوورەوە و تەقەیان لێکرا. لە ئەنجامدا ئارشی تەمەن 18 ساڵ گیان لەدەستدەدات و ئاواتی باوکیشی بریندار بوو.
 
مام ئیسماعیل، باپیری ئارش، بەنیازی نوێژکردن چووبووە مزگەوت، بەڵام هەواڵی دڵتەزێنی کوژرانی ئارشی کوڕەزای پێگەیشت، لەتاو ئازاری لەدەستدانی کوڕەزاکەی، تاوەکو گۆڕستان هاوار و سکاڵای بۆ کوژرانی رۆڵە بێتاوانەکەی دەکرد.
 
ئاوات ئیسماعیل، باوکی ئارشی جوانەمەرگ بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیانی خێزانەکەی، کاری گواستنەوەی کەلوپەلی لە سلێمانییەوە بۆ سەر سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرد. جارجارەش ئارشی کوڕی بۆ هاوکاری لەگەڵی دەچوو، بەڵام دواینجار کەوتنە بۆسەی پاسەوانانی سنوورەوە و رووداوێکی دڵتەزێنی لێکەوتەوە.
 
مەحموود مارف، پوورزای ئاواتی باوکی ئارش، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمان چوون بار ببەن بۆ گوندی مەروێ تاوەکو لەوێوە رەوانەی ئێران بکرێت. لەسەر رێگەی گشتی گرتوونیان و تەقەیان لێکراوە؛ سێ فیشەک راستەوخۆ بەر دڵی [ئارش] کەوتوون."
 
فەرمان ئەبووبەکر، ئامۆزای ئاواتی باوکی ئارش گوتی، "ئێمە لەوێ بووین، بە فەرمی کاری گومرگی دەکەین. کاک ئاوات بە رۆژانەی 70 هەزار دینار چووبوو [بۆ ئەو کارە]، کوڕەکەی کوژرا و خۆیشی بریندار کرا."
 
هاوپیشەکانی باوکی ئارشیش باس لە مەترسیی کارەکەیان و رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ تەقەکردن دەکەن.
 
دانا فاتیح، هاوپیشەی باوکی ئارش دەڵێت، "ئێمەش ئەو شەوە کەوتینە بۆسەوە، دووجار تەقەمان لێکرا، سوپاس بۆ خوا رزگارمان بوو. دواتر کە گەڕامەوە، پێیان گوتم کوڕەکەی کاک ئاوات کوژراوە."
 
حامید فاتیح، هاوپیشەیەکی دیکەی باوکی ئارش ئاماژە بەوە دەکات، "مەعقوول نییە تەقە لە خەڵکی داماو دەکەن، تاوانی چییە؟ خۆم پێشتر 15 بەچکە نەعامەم دەهێنا، گولـلەیان پێوەنام."
 
ئارش تەمەنی 18 ساڵ بوو و خوێندکاری پەیمانگا بوو، لەدوای خۆی خوشک و برایەکی جێهێشتووە. ئاوات ئیسماعیلی باوکی، تەمەن 43 ساڵ، بە برینداری لە نەخۆشخانەیە و بە گوتەی پزیشکەکان، تەندروستیی جێگیرە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تەقەکەرەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لە چۆنێتیی رووداوەکە.