کرێکارێکی 19 ساڵ لەکاتی کارکردندا لە دهۆک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
کرێکارێک لەکاتی کارکردندا لە باڵەخانەیەکی دهۆک کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە بووە. ئەو کرێکارەی گیانی لەدەستدا گەنجێکی 19 ساڵە بەناوی محەممەد نادر.
وڵات ئۆزمانی، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە رووداوی گوت: "کرێکارەکە خەڵکی شاری دهۆکە و لە ئاسانسواری سەرخستنی پێداویستیی باڵەخانەیەک کەوتووەتەوە خوارەوە".
تەرمی محەممەد نادر رەوانەی دادپزیشکی کرا و پۆلیسیش پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردەوە.
02ـی ئەم مانگەش لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کرێکارێک لەکاتی کارکردندا گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ 6 کرێکار لە سنووری پارێزگای دهۆک گیانیان لەدەستداوە؛ چوار کرێکار لە سەنتەری هۆک و دووانەکەی دیکەش لە زاخۆ.
بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 14 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئاماری یەکێتییەکە، پار 62 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستدابوو و 25 کرێکاریش بریندار ببوون.