رۆژانە زیاتر لە 8 کەس بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستگیر دەکرێن


رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئاماری لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، تاوەکو کۆتایی مانگی رابردووی ئەم ساڵ، زیاتر لە هەزار کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیی بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون. بەگوێرەی ئامارەکان، هەر سێ کاژێر جارێک کەسێک بەو تۆمەتە دەستگیرکراوە.

نەقیب ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، 612 کەس بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون؛ 283 بەکارهێنەر و 329 بازرگان".
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لەو چوار مانگەی ئەم ساڵدا، 169 کیلۆگرام هۆشبەر، 70 کیلۆگرام حەبی کپتاگۆن و 8 هەزار و 325 شیت و دانە حەب لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
لەبارەی ئامارەکانی پارێزگای سلێمانییەوە، عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) بە رووداوی راگەیاند، لە سنووری هەردوو پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، لە چوار مانگی ئەم ساڵدا 388 تۆمەتبار بە بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون؛ لەنێویاندا 173 کەسیان بەکارهێنەر و ئەوانی دیکە بازرگان بوون.
 
سەلام عەبدولخالق گوتی، لەوانەی دەستگیرکراون 72 کەسیان بازرگانی نێودەوڵەتی هۆشبەر بوون.
 
بەگوێرەی ئامارەکان بۆ رووداو، بە گشتی لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، سەرەتای ئەم ساڵ تاوەکو 30ـی مانگی نیسان، لە هەرێمی کوردستان هەزار کەس دەستگیرکراون.
 
بەگوێرەی دابەشکردنی دەستگیرکراوانی هەرێمی کوردستان لە چوار مانگدا، هەر رۆژە و 8.3 کەس لە هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی هۆشبەر دەستگیر دەکرێن کە دەکاتە سێ کاژێر جارێک دەستگیرکردنی کەسێک.
 
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ساڵ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەست بەسەر نزیکەی 350 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە.
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پار دوو هەزار و 200 تۆمەتباری بەکارهێنان و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.