بەرپرسێک لە رەوتی هەڵوێست: کۆبوونەوەکانمان بۆ یەک لیستی بۆ هەڵبژاردنی عێراق ئەرێنی بوون


رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی بابەتی یەک لیستی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە. ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبردنی رەوتی هەڵوێست دەڵێت: ''کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو و ئەمشەو کات و شوێنی کۆبوونەوەی داهاتوو دیاری دەکرێت.''
 
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، 11-05-2025، لە بارەگای رەوتی هەڵوێست لە سلێمانی بەڕێوەچوو، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رەوتی هەڵوێست، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بەرەی گەل، بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان تێیدا بەشدار بوون.
 
بەختیار شاوەیس، گوتەبێژی بەرەی گەل دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: ''کۆبوونەوەکان زۆر باشن؛ لێکتێگەیشتن هەیە.''
 
هاوکات یوسف محەممەد، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان بە رۆژنامەڤانانی گوت: ''هەندێک گفتوگۆ کراوە، بەڵام ئەم بابەتانە پێویستییان بە گەڕانەوەیە بۆ لایەنە سیاسییەکان، بۆ ئەوەی رای [سەرکردایەتی] وەربگرن، بەڵام بەگشتی دۆخەکە ئەرێنییە.''
 
هاوکات رێبوار کەریم، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی رەوتی هەڵوێستیش قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی: ''ئەگەر هاوپەیمانێتییەکە سەربگرێت، بە یەک پاکێج لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکان بەڕێوەدەچێت.''
 
بەگوتەی رێبوار کەریم، کۆبوونەوەکانیان لەسەر ئەو پڕۆژەیە بەردەوام دەبن و ئەرێنین: ''هەر ئەمشەو شوێن و کاتی کۆبوونەوەی داهاتوو دیاری دەکرێت.''
 
ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبردنی رەوتی هەڵوێست لەبارەی نێوەڕۆکی هاوپەیمانێتییەکە گوتی: ''هاوپەیمانێتییەکە پەیڕەوی دەبێت و لە سەرەتاوە داوامان کردووە جیا لە حیزبەکان، هەموو دەنگە ناڕازییەکانیشی تێدا بەشدار بێت.''
 
رێبوار کەریم سەبارەت بە ئەگەری بەردەوامبوونی هاوپەیمانێتییەکە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گوتی:' 'خەریکە گەڵاڵەی ئەوە دەکرێت ئەم هاوپەیمانێتییە دواتر لە عێراقدا چی دەکات، زۆربەی لایەنەکان لەگەڵ ئەوەدان کە دوای هەڵبژاردنیش بەردەوام بێت.''
 
ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبردنی رەوتی هەڵوێست گوتی: ''پێشنیازمان کردووە لەبری ئەوەی بەربژێری حیزبیمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەبێت، 30 کەسایەتیی گرنگ لە سەرانسەری کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکان بەربژێر بکەین. لەو پێناوەشدا ئێمە وەک رەوتی هەڵوێست ئامادەین هیچ بەربژێرێکمان نەبێت.''
 
ئەو کۆبوونەوانە لەکاتێکدان، بڕیارە 11ـی مانگی 11ـی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.