لە چاوەڕوانیی ئەنجامی دوو کۆنگرەکەی پەکەکە و ئەگەری چەکدانان


رووداو دیجیتاڵ

پەکەکە لەدوای کۆنگرەی ئایاری 2025 دەڵێت، بڕیاری "مێژوویی" دەدات، ئەمەش دوای پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە مانگی شوبات. کۆنگرەکە لە دوو شوێنی جیاواز بەسترا و بەپێی راپرسییەک 60%ـی خەڵکی باکووری کوردستان پشتگیریی ئەم هەنگاوە دەکەن. 
 
ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتیی پەکەکە دەڵێت: "پرۆسەی ئاشتیی ئەمڕۆ لە شەڕی پەکەکەی دوێنێ باشترە". شرۆڤەکاران جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی کە پرۆسەکە تەنها کاریگەری لەسەر باکووری کوردستان نابێت، بەڵکو بۆ "هەموو پرسی کورد" گرنگە.
 
رۆژی یەکشەممە 11-05-2025 بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە رەنج سەنگاوی و دڵبخوین دارا پێکێشیان کرد، لەسەر مژاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پرۆسەی چەکدانانیان بوو.
 
خەلیل ئاتاج، ئەندامی سەرکردایەتیی پێشووی پەکەکە یەکێک بوو لە میوانەکان، گوتی: "پەکەکە بۆ کورد شتێکی باشتر دەکات، پرۆسەی ئاشتیی ئەمڕۆ لە شەڕی دوێنێی پەکەکە باشترە. پەکەکە بەردەوام بێت لە شەڕ، زیان بەخۆی دەگەیێنێت."
 
دوای پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە مانگی شوبات لەسەر پرۆسەی ئاشتی و هەڵوەشاندنەوەی حیزبەکە، پارتی کرێکارانی کوردستان دوو کۆنگرەی کرد، بەگوێرەی نێوەڕۆکی کۆنگرەکە، پەکەکە چەک دادەنێت.
 
پەکەکە لە ساڵی 1978 دامەزرێنرا، لە ساڵی 1984 چەکی هەڵگرت و ئێستا دوای 41 ساڵ چاوەڕوانیی چەکدانان و پرۆسەی ئاشتی لێدەکرێت.
 
رۆژی شەممە 10ـی ئادار، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باسی هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی کردەوە کە تورکیا بە "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر ناوی دەبات."
 
ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەکەوە گوتی: "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بە وردی بەردەوامە. پێداگرین لەسەر رزگارکردنی وڵاتەکەمان لە بەڵای تیرۆر. هەواڵگری و یەکەکانی دیکەی ئاسایشمان ئەوەی دەکەوێتە سەر شانیان دەیکەن".
 
پرۆسەکە لەکاتێکدا بەرێوەدەچێت کە چەند لایەنێک رەخنەی زۆر لە دەسەڵات دەگرن و جەماوەریان بە جۆرێک ئاراستە دەکەن کە گوایە حکومەتی تورکیا زەوینەسازی بۆ بڵاوبوونەوەی "تیرۆر" دەکات.
 
کۆنگرە و ویستی خەڵک
 
 
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو یەکێکی دیکە بوو لە میوانەکان، گوتی: "بەگوێرەی راپرسییەک، 60٪ـی خەڵکی باکووری کوردستان، پشتگیری لە خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکەن. شەڕی پەکەکە گەیشتووەتە بنبەست و زیان لە کورد دەدات."
 
 
لەبارەی چۆنیەتیی کۆنگرەکەشەوە، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو گوتی، دوای نزیکەی 70 رۆژ لە بانگەوازەکەی 27ـی شوباتی ئۆجەلان، "پەکەکە دوو کۆنگرەی کرد، ئەمەش بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە بوو. یەکێک لە داواکارییەکانیان ئەوە بوو هەموو ئۆپەراسیۆنەکانیان رابگرن، ئینجا کۆنگرە بکەن. لەلایەکی دیکەش، تورکیا ئاسایشی بۆ جێبەجێکردنی سازدانی کۆنگرەکە جێبەجێ نەکرد."
 
تاوەکو ئێستا بزووتنەوە چەکدارییەکە ئەنجامی کۆتایی کۆنگرەکانی رانەگەیاندووە و دەگوترێت ئۆجەلانیش بەشێوەی "ئۆنڵاین" بەشداری لەو کۆنگرەیە کردووە. لەوبارەیەوە زریان رۆژهەڵاتی گوتی: "پێویست بووە هەموو ئەنجامەکان یەکبخرێن ئینجا بە وردەکارییەوە رایبگەیێنن. ئەمە مانای ئەوەیە ئەنجامی جیاواز هەبوون، پێویستبووە گۆڕانکاری تێدا بکرێن ئینجا رابگەیێنرێن."
 
رۆژی هەینی 9ی ئایاری 2025، پەکەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە لە رۆژانی 5 بۆ 7ی ئایار، دوازدەهەمین کۆنگرەی خۆی لە دوو شوێنی جیاواز و لە یەک کاتدا بەستووە و تێیدا "بڕیاری مێژوویی" دەرکردووە، ئاماژەی بەوەشکردبوو کە دوای رێکخستنی بڕیارەکان، بە راگەیێندراوێکی فەرمی ناوەڕۆکەکەی بڵاودەکەنەوە.
 
 
دوو رۆژ لەمەوبەر، سەزایی تەمەلـلی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، ئومێدیان بە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری هەیە، داواشی لە هەموو پارتە سیاسییەکانی تورکیا کرد، دەستپێشخەری بۆ بەرەپێشچوونی پرۆسەکە بکەن.
 
رۆژی شەممە 10ـی ئەم مانگەش، حوسێن ئۆڵان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پارێزگەی بەدلیس بە رووداوی گوت: "لە دوو شوێنی جیاواز کۆنگرەکە بەڕێوەچوو؛ سێ رۆژ بەردەوام بوون و چەند بڕیارێکیان داوە کە لەسەر داوای ئۆجەلان بووە."
 
شەوی هەینی، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەبارەی راگەیێندراوەکەی پەکەکە گوتی، "ئەم دۆخە بەهێزەی ئێستای دەوڵەت، کارئاسانیش بۆ بڕیاری (هەڵوەشاندنەوە)ی رێکخراوەکەش دەکات." فیدان هەروەها ئاماژەی بەوەدابوو کە ئۆجەلان داوایکردووە پەکەکە چەک دابنێت و کۆتایی بە کاری نایاسایی بهێنێت و روو لە سیاسەتی مەدەنی بکات.
 
د. زوبێر رەسووڵ، مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکار یەکێک بوو لە میوانەکان و گوتی: "ئێستا بەربەستی سەرەکیی بەردەم پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە نەماوە، بەربەستەکە ئەوەبوو کە قەندیل رازی نەبێت، بەڵام ئەوان بەپیر بانگەوازەکەوە چوون."
 
 
ئەو شرۆڤەکارە پێی وابوو، پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە و دانانی چەک، نەک تەنیا بۆ باکووری کوردستان، بەڵکو بۆ "هەموو پرسی کورد" کاریگەری هەیە. "خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە بەرژەوەندیی پەکەکە و تورکیاشدایە، دەکرێت ئەردۆغان زۆر شت لەمە بباتەوە."
 
چەکدانان و چارەنووسی چەکەکان
 
مستەفا شەفیق، نووسەر و شرۆڤەکار لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج گوتی: "ئیدی پێویستە بنبەستی شەڕی پەکەکە بکرێتەوە. پەکەکە کۆنگرەی کرد و هەنگاوی کرداری نا، تۆپەکەی هەڵدایە گۆڕەپانی تورکیا و نۆرەی تورکیا هەنگاوێکی کرداری بنێت."
 
 
ئەو شرۆڤەکارە گوتی، چۆنییەتی چەکدادانی پەکەکە دیار نییە، بەڵام تورکیا ئامادە نییە هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی بخاتە نێو پرۆسەکەوە، "چونکە تورکیا ئەمە وەکو بابەتێکی ناوخۆیی دادەنێت؛ بەڵام لەوانەیە وڵاتانی دیکە بە ناڕاستەوخۆ لەنێو ئەو پرۆسەیەدا بن."
 
مستەفا شەفیق گوتیشی، دەکرێت پرۆسەی چەکدادانی پەکەکە بکرێت چەند بەشێک. "بەشێک بۆ کاربەدەستانی پلە یەکی پەکەکەن کە نزیکەی 200 بۆ 250 کەسن، دەبێت وڵاتێکی سێیەم دیاربکەن و بڕۆنە ئەوێ. بەشێکی دیکە، 3000 بۆ 3500 لەو ئەندامانەی پەکەکە دەگرێتەوە کە بەشدارییان لە هیچ چالاکییەک نەکردووە و هیچ تاوانێکیان نییە، دەکرێ رێگەیان بۆ بکرێتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە تورکیا، بەڵام ئەمە پرۆسەیە ئاڵۆزە."
 
هەرچی لەبارەی چارەنووسی چەکەکانی پەکەکەیە، ئەو نووسەرە کە میوانی بەرنامەکە بوو پێی وابوو: "چەند شوێنێک بۆ وەرگرتنی چەک دیار دەکرێن، دەکرێت یەک لەو شوێنانە هەرێمی کوردستان بێت. پێویستە لە پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆی ئەو بابەتە بکرێت و زەوینەسازی بۆ بکرێت."

 

 
خەلیل ئاتاج گوتی: "پەکەکە نایەوێت لە دوای چەکدانان لە هەرێمی کوردستان دووربخرێتەوە."
 
چی روویدا؟
 
- رۆژی 01-10-2024، دەرگای پەرلەمانی تورکیا لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
 
- ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
 
- رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە "پەنجەرەی هیوا" ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
 
- باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکات. شاندێک لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا و دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
 
- پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی یەکی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند، ئەوەش دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە رۆژی 27ـی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
 
- رۆژی 10ـی نیسان، شاندی ئیمراڵی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
 
- رۆژی 9ـی ئایار، پەکەکە رایگەیاند لە رۆژانی 5-7ـی مانگ 12ـەمین کۆنگرەی ئەنجامداوە و رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامی کۆنگرەکە بڵاودەکاتەوە.