رەوتی هەڵوێست پڕۆژەیەک بۆ یەک لیستی دەداتە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان

رووداو دیجیتاڵ

لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بۆ تاوتوێکردنی یەک لیستی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە. رەوتی هەڵوێست پڕۆژەیەک بۆ یەک لیستییەکە پێشکێش لایەنەکان دەکات.
 
رۆژی شەممە 10-05-2025، لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری و رەوتی هەڵوێست لە بارەگای یەکگرتووی ئیسلامی لە سلێمانی کۆبوونەوە و رووداو زانیویەتی بەرەی گەل بەهۆی ئەوەی درەنگ ئاگادار کراوەتەوە، بەشداری کۆبوونەوەکەی نەکردووە.
 
بڕیارە ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئەو لایەنانە لە بارەگای رەوتی هەڵوێست درێژە بە کۆبوونەوەکانیان بدەن. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ بەرەی گەل بەشدار دەبێت.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممەدا رەوتی هەڵوێست پڕۆژەی "هاوپەیمانیی خەڵک" بە لایەنەکان داوە.
 
رەوتەکە لە پڕۆژەکەیدا دوو خاڵی خستووەتەڕوو کە یەکەمیان باس لەوە دەکات قۆناخی پێکەوەبوونەکە بە گرنگ دەزانێت، بەڵام پرسیاری کردووە ئایا قۆناخی دواتر بەرنامەی هاوپەیمانییەکە چی دەبێت؟ دەشڵێت: "نابێت تەنیا هەوڵ بدەین هەریەکە و دەنگی لایەنەکەی دیکە ببات، چونکە هەندێک لایەن لە ئێستاوە بڕیاریان داوە بەشداری حکومەتی داهاتوو عێراق بکەن".
 
رەوتی هەڵوێست باسی لەوەشکردووە: "دەنگی نارەزایی خەڵک لەو چەند لایەنە سیاسییە فراوانترە؛ بۆیە پێشنیازی کردووە 30 کەسایەتیی سەربەخۆ و کاریگەر لە دەرەوەی لایەنە سیاسییەکان بەربژێر بکرێن و هەموو لایەنەکانیش پشتیوانی لەو بەربژێرانە بکەن".
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 1ـی تشرینی دووەمی 2025ـی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی دیاری کرد. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئامادەن لەو رۆژەدا هەڵبژاردن بەڕێوەببەن.