لە سلێمانی ژنە رۆژنامەڤانێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر دەکرێت

 
 
رووداو دیجیتاڵ

لە سلێمانی ژنە رۆژنامەڤانێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکرا. رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێ، دەستگیرکردنەکە پەیوەندی بە کاری میدیاوە نییە.
 
دوو رۆژە ئافرەتێک بە ناوی (سەیران هاوژین) لە سلێمانی دەستگیرکراوە، کە پێشتر لە میدیای حیزبی هاوپەیمانی نیشتمانیی کوردستان کاری کردووە.
 
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ کە بەدوداچوونی بۆ دۆسیەکە کردووە دەڵێت: "ئەوەی بە ئێمە گوتراوە، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەو رۆژنامەڤانە کراوە پەیوەندی بە کاری میدیاییەوە نییە".
 
رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان گوتی: "کە دەستگیرکردنی سەیران هاوژین پەیوەندی بەکارەکەیەوە نییە، مانای ئەوە نییە ئێمە رێک پاڵپشتی ئەو تۆمەتانە بکەین کە ئاراستەی کراون، دەبێ پرەنسیپی گومان بەردەوامبێ، چونکە دەسەڵات بەردەوام لە سەنگەردایە بۆ رۆژنامەڤانان".
 
سەیران هاوژین خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە. رەحمان غەریب گوتی: "ئێمە لە هەوڵداین بزانین سەیران هاوژین لە کام زیندانە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاومان پێی بکەوێ".
 
هەروەها کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ دەزگایەک نەهاتووە بە ئێمە بڵێ رۆژنامەڤانێکی دەستگیرکراوە، هەروەها خێزانی هیچ کەسێک ئەو داواکارییەی لە ئێمە نەکردووە کە بەدواداچوون بکەین".
 
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان دەڵێ: "ئەمڕۆ لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان گفتوگۆ دەکەین، بزانین ئەگەر دەستگیرکراوە هۆکارەکەی چییە".