بڕیارە هەفتەی داهاتوو سێیەم بەشەخۆراکی ئەم ساڵ دابەش بکرێ
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە هەفتەی داهاتوو سێیەم بەشەخۆراکی ئەم ساڵ دابەش بکرێ. بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێر دەڵێ: "سبەی پارە لە بریکارەکان وەردەگرین." بەڕێوبەری دابەشکردنی سلێمانیش دەڵێ: "بڕی پارەی ئەم مانگە کەم کراوەتەوە."
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئایاری 2026، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سبەیەوە پارە لە بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک وەردەگرین. بریكارەكان دەتوانن سەردانی بانكی جنوب ئیسلامی بكەن و پارە بخەنە سەر ڤیزە كارتەكەیان."
پێرار 10 بەشەخۆراک و پاریش هەشت بەشەخۆراک دابەش کرا. ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: "مادە خۆراكییەكان بریتین لە رۆنی شل، لەتکەنۆک، شەكر، برنج، نیسک و دۆشاوی تەماتە."
هەر ئەمڕۆ کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ رەزامەندی دابەشکردنی سێیەم بەشەخۆراکی ئەم ساڵ درا. ئەم دوو رۆژە رێکارەکان تەواو دەبن و هەفتەی داهاتوو دابەشی دەکەین."
بە گوتەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێر، ئەم مانگە بڕی پارەکە بۆ هەر کەسێك کەم کراوەتەوە. بریکارەکان بڕی هەزار و 1150 دینار دەخەنە ڤیزە كارت، واتە 100 دینار كەمتر لە مانگی پێشتر.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی گوتیشی: "لای ئێمەیش 100 دینار کەم کراوەتەوە."
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکیان بڕدراوە.