نزیکەی 1200 حاجیی هەرێمی کوردستان گەیشتنە سعودیە و یەکەم کاروانیش لە سلێمانی بەڕێدەکەوێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 100 حاجی گەیشتوونەتە سعودیە و پڕۆسەکەش بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت. راشیگەیاند، ئەمشەو یەکەم کاروانی حاجیانی سلێمانی دەگەنە ئەو وڵاتە.
رۆژی دووشەممە 11ی ئایاری 2026 رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆسەکە سەرکەتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو خزمەتگوزارییەکی پێویستی بۆ حاجیان دابینکردووە، کە پێکهاتوون لە شوێنی مانەوە و دابینکردنی خواردن."
لەبارەی ژمارەی ئەو حاجیانەی تاوەکو ئێستا گەیشتوون، رۆژگار جەعفەر گوتی، "1176 حاجی گەیشتوونەتە سعودیە؛ لەو ژمارەیە 300 حاجییان خەڵکی دهۆک و زاخۆن، ئەوانی دیکە هەموویان حاجییانی سنووری پارێزگای هەولێرن."
بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج دەڵێت، "کاتژمێر 05:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، یەکەم کاروانی حاجیانی سلێمانی کە ژمارەیان نزیکەی 150 حاجییە، بەڕێدەکەون و بڕیارە ئەمشەو بگەنە سعودیە."
7ی ئایاری 2026، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەم ساڵ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوت. بڕیارە تاوەکو 17ـی ئەم مانگە پڕۆسەکە بەردەوام بێت.