پارەی گەنمی جووتیاران لە هەولێر و دهۆک دابەشدەکرێت؛ کەی دەگاتە سلێمانی؟


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان راگەیاند، دابەشکردنی وەجبەی پێنجەمی پارەی گەنمی جووتیاران لە هەولێر و دهۆک دەستیپێکردووە و بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیەش پارەکە بگاتە دەست جووتیارانی سنووری سلێمانی.
 
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئایاری 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رۆژی یەکشەممەوە دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران لە هەولێر و دهۆک کراوە و پڕۆسەکە بەردەوامە، تەنیا لە سلێمانی ماوە، چونکە هێشتا چەکی پارەکەیان بۆ نەهاتووەتەوە."
 
لەبارەی کاتی دابەشکردنی پارەکە لە سلێمانی، نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "ئەگەری هەیە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لە سلێمانیش دەست بە دابەشکردنی پارەکە بکرێت."
 
ئەم پارەیەی ئێستا دابەشدەکرێت، وەجبەی پێنجەمی پارەی گەنمی جووتیارانە، کە کۆی گشتییەکەی 12 ملیار و 607 ملیۆن دینارە و بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراوە:
 
پارێزگای هەولێر: 4 ملیار و 5 ملیۆن دینار.
پارێزگای دهۆک: 3 ملیار و 672 ملیۆن دینار.
پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە: 4 ملیار و 930 ملیۆن دینار.
 
3ـی ئەم مانگە، حکومەتی عێراق بڕی 100 ملیار دیناری وەک شایستەی دارایی بۆ جووتیاران لە سەرتاسەری عێراق خەرج کرد، کە پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 12 ملیار دینارە
 
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەی ساڵی 2025 بەشێوازی نوێی ئاودێری بەرهەم هێنرابوو، هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار وەرگیرا، ئەوەی بەشێوازی کۆن ئاودرابوو هەر تۆنێکی بە 800 هەزار دینار وەرگیرا.