لە کەرکووک بەرپرسێکی ئەمنی بە تۆمەتی گەندەڵی و وەرگرتنی سەرانە دەستگیر دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوبەری بەشی ئەمن و کاروباری کەسی لە کەرکووک بە تۆمەتی گەندەڵی وەرگرتنی سەرانە، لە بەغدا لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت. بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، هێشتا تۆمەتەکانی بەسەردا ساخ نەبووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئایاری 2026، لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عەمید محەممەد عەتییە، بەڕێوبەری بەشی ئەمن و کاروباری کەسی لە کەرکووک بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ، ئێستا لە بەغدا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
بە گوتەی میقداد میری، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ محەممەد عەتییە، بریتین لە "گەندەڵی و وەرگرتنی سەرانە"، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە "تاوەکو ئێستا هیچکام لە تۆمەتەکانی بەسەردا ساخ نەبووەتەوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە."
یەکەمجار نییە کە محەممەد عەتییە تۆمەتی لەوشێوەیەی دەدرێتە پاڵ. بەپێی نووسراوێکی "نهێنی" کە لە 16ی 6ی 2018 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و دژە تیرۆری کەرکووکەوە دەرچووە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، کۆمەڵێک سەرپێچیی یاسایی و کارگێڕی قورس خراونەتە پاڵ محەممەد عەتییە، کە ئەوکات پلەکەی موقەدەم بووە و لە بەشی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی کەرکووک کاری کردووە.
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە کە ئەو ئەفسەرە "کەسێکی نالێهاتووە" و دەستی هەبووە لە وەرگرتنی "سەرانە و بەرتیل" لە بەرامبەر گۆڕینی رەوتی لێکۆڵینەوەکان.
یەکێک لە مەترسیدارترین لەو تۆمەتانەی لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە ئەوەیە کە محەممەد عەتییە ئەوکات "پارەی لە تۆمەتباران وەرگرتووە و پاشان مادە هۆشبەرە دەستبەسەرداگیراوەکانی لە بەڵگەی تاوان گۆڕیوە بە مادەی دیکە، تاوەکو تۆمەتبارەکان ئازاد بکرێن."
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتە هەواڵگرییەکەدا هاتووە، کە محەممەد عەتییە لە کەیسێکی دیکەدا بڕی 40 هەزار دۆلاری وەک سەرانە لە خاوەن دەرمانخانەیەک وەرگرتووە. هەروەها تۆمەتبار کراوە بەوەی کە "زانیاریی و دۆسیە نهێنییەکانی لێکۆڵینەوەی بۆ تۆمەتباران دزە پێکردووە"، ئەمەش وایکردووە چەندین تۆمەتبار پێشوەختە لە پلانەکانی دەستگیرکردن ئاگادار ببنەوە.