دوو گیرفانبڕەکەی مزگەوتەکانی سلێمانی دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانی نەهێشتنی تاوان، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە لە مزگەوتەکانیدا گیرفانی نوێژخوێنانیان بڕیوە.
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا دیاردەی دزیکردن و گیرفانبڕین لەناو مزگەوتەکانی ناو بازاڕی شاری سلێمانی سەری هەڵدا، هێزەکانی پۆلیس بەدواداچوونی وردیان دەستپێکرد. تۆمەتبارەکان قەرەباڵخی ناو مزگەوتەکانیان قۆستووەتەوە و پارەی ناو گیرفانی نوێژخوێنانیان دزیوە.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، پاش کۆکردنەوەی زانیاری و تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەلایەن چەند هاووڵاتییەکەوە، بە بڕیاری دادوەر و بە سوودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری، توانرا هەردوو تۆمەتبار لەلایەن نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕەوە دەستگیر بکرێن.
ئەو دوو تۆمەتبارە یەکیان ناوی (م، غ، ح) لەدایکبووی ساڵی 1987و ئەوی دیکەیش (ن، ج، ت) لەدایکبووی ساڵی 1961.