وەزارەتی تەندروستی: هیچ تووشبوویەکی ڤایرۆسی 'هانتا' لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ گومانلێکراو یان تووشبووی ڤایرۆسی "هانتا" لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، داواش لە هاونیشتمانیان دەکات پابەندی رێکارە تەندروستییەکان بن بۆ رێگری لە بەرکەوتن لەگەڵ قرتێنەرەکان.
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئایاری 2026، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لە بارەی بڵاوبوونەوەی هانتاڤایرۆس لە جیهاندا رایگەیاند، ماوەی هەفتەیەکە بە وردی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) چاودێریی دۆخەکەدەکەن.
وەزارەتی تەندروستی دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانیان و دەڵێت: "خۆشبەختانە تاوەکو ئێستا هیچ گومانلێکراو یان حاڵەتێکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا لە هەرێمی کوردستان نییە." ئاماژەی بەوەش کردووە کە هیچ جۆرە سنووردارکردنێکی گەشتکردن، بازرگانی یان جووڵەی هاونیشتمانیان لە ئارادا نییە.
ڤایرۆسی هانتا چییە و چۆن دەگوازرێتەوە؟
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەت، هانتا نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گواستراوەیە کە لەڕێگەی قرتێنەرە تووشبووەکانەوە (وەک مشک و جرج) دەگوازرێتەوە، جا چ بەهۆی بەرکەوتنی راستەوخۆ بێت یان بەرکەوتن لەگەڵ پاشماوە و دەرهاویشتەکانیان. هەوکردنی ڤایرۆسەکە زیاتر لە کاتی هەڵمژینی ئەو تۆز و خۆڵەدا روودەدات کە بە پاشماوەی قرتێنەرەکان پیس بووە، بەتایبەتی لەو شوێنانەی داخراون و هەواگۆڕکێیان خراپە.
نیشانەکان و مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە:
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە لەنێوان 10 هەزار بۆ 100 هەزار حاڵەتی تووشبوون لە جیهاندا تۆمار دەکرێن. نیشانە سەرەکییەکانی بریتین لە:
- تا و ماندووبوونی زۆر.
- سەرئێشە و ئازاری ماسولکە و سک.
- رشانەوە و کۆکە.
- تەنگەنەفەسی لە حاڵەتە تووندەکاندا.
- رێژەی مردن بەم ڤایرۆسە لەنێوان 20% بۆ 50%ـە.
وەزارەتی تەندروستی جەخت دەکاتەوە کە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی راسپاردووە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست، ئامادەکردنی تاقیگەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی. رێکاری هەنووکەییش بۆ خۆپاراستن بریتین لە: پاکوخاوێنی ژینگە، زوو دەستنیشانکردنی حاڵەتەکان و رێگریکردن لە بەرکەوتن لەگەڵ قرتێنەرەکان.
رۆژی 9ـی ئەم مانگە پڕۆفیسۆر دکتۆر سەلاح تۆفیق باڵەکی، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆجیی پزیشکی لە زانکۆی هەولێری پزیشکی بە روودای گوت:"گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ زۆر لاوازە، بۆیە ئەگەری بوونە پەتایەکی بەربڵاوی وەکو کۆرۆنا زۆر لاوازە."