هێرشەکانی سنووری کۆیە ئاژەڵەکانیشی گرتوە؛ 25 هەزار مریشک و جوچک سووتان
رووداو دیجیتاڵ
هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر سنووری قەزای کۆیە، زیانی گەورەیان بە کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنوورەکە گەیاندووە؛ بەهۆیەوە دەیان هەزار پەلەوەر لەنێوچوون و دەیان خێزانیش بێکار بوون.
شەوی 1ـی ئایاری 2026، هێرشی مووشەکی و درۆنی کرایە سەر کێڵگەیەکی پەلەوەر لە سنووری قەزای کۆیە. بە گوتەی خاوەنەکەی، بەهۆی هێرشەکەوە 25 هەزار جووچکە و مریشک بەتەواوی سووتاون و زیاتر لە 200 هەزار دۆلاریش زەرەرمەند بووە.
ئەبوبەکر عومەر، خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکەیە، ئەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “زەرەرەکەی من لەناو قاعەکە جگە لە بینایەکەی مریشک و حەلەف و گاز نزیکەی 75 ملیۆن دینارە بەس بینایەکە بە 10 دەفتەر دۆلار چاک نابێتەوە و سوپاس بۆخوا خۆمان سەلامتین ئەوە هەموو دنیا دێنێت بەس زەرەرمان زۆر زۆرە.”
خاڵس عەگیل، ماوەی 11 ساڵە لە یەکێک لە کێڵگە پەلەوەرییەکان ئێشکگرە. ئەو باوکی پێنج منداڵە و بژێویی ژیانی خۆی و 10 کەسی دیکەش لەسەر ئەو کارە بوو، بەڵام بەهۆی هێرشەکان و خاپووربوونی کێڵگەکەیانەوە، ئێستا بێکارن.
خاڵس عەگیل دەربارەی دۆخی ژیانی بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی: “ئێستا وای لێ هاتووە من دەبێ لێرە بچم و لە کۆیە ببم بەکرێچی، بەڕاستی ناشتوانم بەگەڕێمەوە ئەم شوێنە، منداڵەکانم لە دوای ئەو هێرشانەوە هەمووی دەروونیان تێکچووە، هەر باشە ئێمەین و بە سەلامەت لێی دەرچووین، خۆ نزیکەی 20 کەس لەو دەڤەرە مردن!”
مەترسی و دڵەڕاوکێ باڵی بەسەر ناوچەکە دا کێشاوە و بووەتە هۆی وەستانی کارەکان. کەمال ئیسماعیل، خاوەنی کێڵگەیەکی دیکەی پەلەوەرە لە کۆیە و ئاماژە بەوە دەکات: “کرێکار ناتوانێت ئیشبکات لەلامان دەڵێن ئێمە دەترسین تەیارە بێت لێمان بدات ئێمە دژی ئێران نین ئێمە دۆستی ئێرانین.”
جگە لەو کێڵگە پەلەوەرییە، کێڵگەیەکی دیکەش بە مووشەک تەختی زەوی کراوە. هەروەها شەش کێڵگەی دیکەش بەهۆی مەترسیی بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کار و کەسابەتیان وەستاوە.
بەردەوامیی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر سنووری قەزای کۆیە، تەنیا زیانی ماددی بە خاوەن کێڵگەکان نەگەیاندووە، بەڵکو 16 ماڵی دیکەش کە کار و کەسابەتیان لەسەر ئەو کێڵگانە بوو، بنەوبارگەیان پێچاوەتەوە و بێکار بوون.