گوتەبێژی یەکگرتوو: وەزارەتێکمان لە بەغدا مسۆگەر کردووە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و خاڵبەندی، وەزارەتێکیان لە حکومەتی عێراق بەرکەوتووە و د.رێبوار کەریم بەربژێری ئەوان و لایەنە هاوپەیمانەکانیانە بۆ ئەو پۆستە. دەشڵێت: "نەوەی نوێ لە هەولێر و بەغدا بووەتە بەشێک لە یەکێتی."
سەلاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە میانی بەشداریی لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"، کە نوێنەر فاتیح پێشکەشی دەکات رایگەیاند، یەکگرتوو لەگەڵ هەردوو لایەنی "هەڵوێست" و "کۆمەڵ" نووسراوی فەرمییان بۆ کارکردنی هاوبەش لە بەغدا هەیە.
سەبارەت بە پشکیان لە حکومەتی عێراق، سەلاحەدین بابەکر گوتی: "وەزارەتی خزمەتگوزاریی پلە (ج) لە بەغدا پێویستی بە 8 کورسیی پەرلەمان هەیە، ئێمە وەک لایەنە هاوپەیمانەکان 10 کورسیمان هەیە، بۆیە بەپێی خاڵبەندی وەزارەتێکمان مسۆگەرە." گوتیشی د.رێبوار کەریم لە رەوتی هەڵوێست، بەربژێری هاوبەشی ئەوانە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
"پارتی و یەکێتی چوونەتە نێو دەوڵەتیی قووڵ"
گوتەبێژی یەکگرتوو رەخنەی لە هەڵوێستی لایەنە شیعەکان گرت و ئاماژەی بەوە کرد، چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێیان دەڵێن بۆ وەرگرتنی پۆستەکانتان دەبێت بچنە لای پارتی و یەکێتی، چونکە بە گوتەی ئەو "بەرپرسانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پاڵپشتیی پارتی و یەکێتی دەکەن نەک ئۆپۆزیسیۆن، پارتی و یەکێتیش لە بەغدا چوونەتە نێو دەوڵەتی قووڵەوە."
سەبارەت بە پلانی جێگرەوە لە ئەگەری وەرنەگرتنی وەزارەت، سەڵاحەدین بابەکر گوتی: "ئەگەر وەزارەت وەرنەگرین، داوای سێ بریکاری وەزیر دەکەین و بەپێی خاڵبەندی لەنێوان خۆمان و هاوپەیمانەکانمان دابەشی دەکەین."
گوتەبێژی یەکگرتوو هێرشی تووندی کردە سەر جووڵانەوەی نەوەی نوێ و رایگەیاند: "نەوەی نوێ لە هەولێر و لە بەغدا بووەتە بەشێک لە یەکێتی و فراکسیۆنەکانیشیان بوونە یەک."
سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی پەرلەمان، سەلاحەدین بابەکر دۆخی ئێستای پەرلەمانی بە "جێگەی شەرم" ناوبرد و گوتی: "کاراکردنەوەی پەرلەمان زۆر ئاسانترە لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، چونکە بەهۆی نەبوونی کۆمیسیۆنەوە، ئێستا دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن مەحاڵە."
گوتەبێژی یەکگرتوو ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا بڕیار نەدراوە ئایا هاوپەیمانیی نێوان (یەکگرتوو، هەڵوێست و کۆمەڵ) بۆ پەرلەمانی کوردستانیش بەردەوام دەبێت، یان تەنیا بۆ کارکردنە لە بەغدا.