لە ئیلام زیاتر لە 14 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی زیانیان بەرکەوتووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی نیشتەجێکردنی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 14 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە پارێزگاکە زیانیان بەرکەوتووە و وێران بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 11ی ئایاری 2026، حەبیب موحیبی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی نیشتەجێکردنی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "تیمەکانی ئاوەدانکردنەوە سەردانی ئەو شوێنانەیان کردووە کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کراون، بۆ ئەوەی خەمڵاندن بۆ قەبارەی زیانەکان بکەن."
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی نیشتەجێکردنی پارێزگای ئیلام گوتی، "بەپێی خەمڵاندنەکانمان، 14 هەزار و 133 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە پارێزگاکە زیانیان بەرکەوتووە و وێران بوون؛ 155 یەکەیان بە تەواوی رووخاون."
حەبیب موحێبی ئاماژەی بەوەش کرد، دوای خەمڵاندنی زیانەکان، نۆژەنکردنەوە دەستپێدەکات.
پێشتر بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندبوو، بڕی ئەو هاوکارییەی بۆ نۆژەنکردنەوە دانراوە بەپێی زیانەکان لە 15 ملیۆن تاوەکو 700 ملیۆن تمەن دەبێت.
جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا - ئیسرائیل لە 28ی شوباتی 2026 دەستیپێکرد و دواتر ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە.