گەڕان بەدوای دوو منداڵەکەی گەلی عەلی بەگ بە کامێرای تایبەت و سۆنەر چڕ دەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران راگەیاند، بۆ ماوەی 10 رۆژە گەڕان بەدوای ئەو دوو منداڵەی کەوتوونەتە نێو ئاوی گەلی عەلی بەگ بەردەوامە. راشیگەیاند، جگە لە بەکارهێنانی سۆنەر، بڕیارە سبەی سێ کامێرای تایبەت لە هەولێرەوە بگەنە شوێنەکە بۆ چڕکردنەوەی گەڕانەکان.
 
رۆژی دووشەممە 11ـی ئایاری 2026، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "10 رۆژە گەڕان بەدوای ئەو دوو منداڵە کەوتوونەتە نێو گەلی عەلی بەگ بەردەوامە. هەموو رێگاکانی گەڕانمان تاقیکردووەتەوە و ئێستا لە رێگەی سۆنەری ئاوەوە بەردەوامین، بڕیاریشە سبەی سێ کامێرای تایبەتمان لە هەولێرەوە بۆ بێت."
 
لەبارەی تیمەکانی گەڕان، کاروان میراودەلی گوتی: "ئەمڕۆ 64 کارمەند کە 10یان غەواس بوون، بە هاوکاریی دوو تیمی مێرگەسۆر و سۆران بەردەوام بوون لە گەڕان. بۆ پشکنینی بنکەی ئاوەکەش، ئاسنێکی پۆڵایینمان دروستکردووە کە درێژییەکەی 8 مەترە و قوڵابی پێوەیە."
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران باسی لەوەشکرد، کە تیمەکانیان رۆژانە لە کاژێر 06:00ی بەیانی تاوەکو 06:00ی ئێوارە بە شێوەیەکی زۆر چڕ و بێ پشوودان سەرقاڵی گەڕانن بەدوای منداڵەکاندا، بەڵام هێشتا هیچ سەرەداوێک نییە.
 
شەوی هەینی، 1ـی ئایاری 2026، نزیک کاژێر 10:00ی شەو لەسەر رێگەی هامڵتن و لە نزیک (کانی ماران) لە گەلی عەلی بەگ، ئۆتۆمبێلێک کۆنترۆڵی لەدەستدا و بەرەو رووبارەکە هەڵدێرا.
 
لە کاتی رووداوەکەدا، شۆفێرەکە و ژنێک رزگاریان بوو، بەڵام سێ منداڵ بە ناوەکانی (ئادەم خورشیدی 3 ساڵ، لاوەند خورشیدی 7 ساڵ و مینا عیسای 17 ساڵ) پێکەوە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا نووقم بوون.
 
دوای چوار رۆژ لە گەڕان، لە رۆژی 05ـی ئایاری 2026، تەرمی  لاوەند خورشید دۆزرایەوە، تاوەکو ئێستاش گەڕان بەدوای دوو منداڵەکەی دیکە بەردەوامە.