تەلەڤزیۆنەکەی مەلا مەزهەر دەکرێتەوە

رووداو - هەولێر

دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامە بە مەلا مەزهەر، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری کردنەوەی بۆ تەلەڤزیۆنی سرووشت دەرکرد. 

محەممەد گەردی، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "دوای ئەوەی مەلا مەزهەر خۆراسانی بەڵێنی دا بە رێنماییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری پابەندبێت، ئێمەش بڕیارمان دا تەلەڤزیۆنەکەی بکەینەوە".

ناوبراو زانیاری زۆرتری ئاشکراکرد و گوتی: "ئەمڕۆ دووشەممە11ی حوزەیرانی 2018، مەلا مەزهەر خۆراسانی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن بەڵێنامەی پڕكردەوە كە بە رێنماییەكانی كاركردن پاپەنددەبێت، بۆیە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە كەناڵەكەی دەكرێتەوە".

تەلەڤزیۆنی سرووشت، تەلەڤزیۆنێکی ناوخۆییە ‌و مەلا مەزهەر خۆراسانی خاوەنییەتی، بەهۆی "سووکایەتیکردن بە ژنان"، دوێنێ یەکشەممە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان  دایخست.

مەلا مەزهەر  لە بەرنامەیەكەدا هێرشی دەکردە سەر ژنان و "سووکایەتی پێدەکردن، تەنانەت وشەی دایناسۆری بۆ بەکاردەهێنان". قسەکانی مەلا مەزهەر بەتایبەت لەم رەمەزانەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی زۆریان لێکەوتەوە، جگەلەمە بەگوتەی بەشێکی زۆری هاونیشتمانیان ناوبراو بەردەوام هانی فرەژنی داوە.

ئەوکات لە وەڵامدا مەلا مەزهەر قسەی بۆ رووداو كرد و رەتیكردەوە سووكایەتی بە ژنان كردبێت ‌و گوتی: "ئامادەم ئەوە بۆ وەزارەتی رۆشنبیری روونبكەمەوە كە سووكایەتیم بە كەس نەكردووە، قسەكانی من لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لە سیاقی خۆیان دەردەهێنرێن و‌ بە شێواوی بڵاودەكرێنەوە".

سەبارەت بە بەكارهێنانی وشەی دایناسۆریش بەرامبەر ژنان، مەلا مەزهەر گوتی: "ئەو وشەیە لە ئەنجامی باسكردنی چیرۆكێكدا هات، ئەگینا كاری من نییە سووكایەتی بە هیچ تاكێكی كۆمەڵگە بكەم".

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح