حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان: دووشەممە گەشتی یەکەم کاروانی زیارەتکاران لە رێگەی ئاسمانییەوە دەستپێدەکات


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەیانی یەکەم گەشتی ئاسمانیی سەردانیکارانی حەج دەستپێدەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کاروانی وشکانیی سەردانیکارانیش ئێوارەی ئەمڕۆ دەگاتە شاری مەدینە. 
 
رۆژی یەکشەممە 11-06-2023، شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژان ئەبوبەکر و هەوار جەلالەدین پێشکێشی دەکەن، رایگەیاند، ''سبەی یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئاسمانییەوە گەشت دەکەن.''
 
شێخ نیاز لەوبارەوە گوتی، گەشتەکە ئێوارەی رۆژی دووشەممە، کاژێر 05:30 خولەکی ئێوارە، لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەستپێدەکات.
 
وەک بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ژمارەی ئەو سەردانیکارانەی بەیانی لە هەولێرەوە گەشت دەکەن 350 کەسە، هەروەها 144 کەسیش لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج گەشت دەکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە 9ی حوزەیرانیش، 690 کەس لە رێگەی وشکانییەوە بۆ یەکەمجار بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج، بە 30 پاس بەرەو شاری مەدینەی سعودیە بەڕێکەوتن. 
 
شێخ نیاز لەوبارەوە گوتی، هەر 9ی مانگ کاروانەکە بە رێوشوێنێکی ئەمنیی چڕ گەیێندراونەتە شاری کەربەلا، لەوێ شوێنیان بۆ دیاری کرا، دوێنێ شەممەش، دوای نوێژی بەیانی بەرەوە سعودیە بەڕێکەوتوون و ئێوارەی ئەمڕۆش دەگەنە شاری مەدینە.
 
تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی 4 هەزار و 500 دۆلارە و بە رێگەی وشکانیش 3 هەزار و 800 دۆلارە.
 
بەگوتەی شێخ نیاز، ئەمساڵ دوو جار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، خول بۆ مامۆستایانی ئایینی وەکو یاوەری سەردانیکارانی حەج کراوەتەوە، بۆ ئەوەی ئامادەی گەشتکردن و هاوکاریی تەواوی حاجییان بن لە گەشتەکەدا.
 
پشکی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان 4 هەزار و 685 حاجییە. جگە لەو 690 کەسەی لە رێگەی وشکانییەوە گەشتیان کردووە، بڕیارە 3 هەزار و 995 هاونیشتمانی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە گەشتەکەیان بکەن کە یەکەم کاروانی سبەی دەبێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، حەجی ئەمساڵ زۆر قەرەباڵخ دەبێت و رەنگە دەستەبەرکردنی ئاو یان شوێنی مانەوە بۆ سەردانیکاران ئەستەم بێت، ''بۆیە دەبێ بە سەبر بن، حەجکردن گەشتێکی رۆحی و ئەرکێکی ئایینییە و ئەو ئەرکە ئایینییەش ماندووبوونێکی زۆری هەیە.''