دوو ناوچەى کوردستانى بۆ سندووقى ئاودانکردنەوەى شنگال زیادکرا
رووداو دیجیتاڵ
هەردوو ناحیەکانى قەحتانیە و زوومار بۆ سندووقى ئاوەدانکردنەوەى شنگال و دەشتى نەینەوا زیادکران، کە لەپڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق 50 ملیار دینارى بۆ تەرخانکراوە.
رۆژی 11ى حوزەیرانى 2023، شێروان دووبەردانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەسەر پێشنیازى پەرلەمانتارانى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان، هەردوو ناحیەى زومار و قەحتانیە بۆ سندووقى ئاوەدانکردنەوەى شنگال و دەشتى نەینەوا زیادکران.
شێروان دووبەردانى گوتیشى: "ئەو دوو ناحیەیە زۆرینەى دانیشتووانى کوردى ئێزدین و لە زیادکردنى ناوچەکانیان بۆ ئەو سندووقە سوودمەند دەبن، کە بەهۆى شەڕى داعش زیانیان بەرکەوتووە."
زیادکردنى ئەو دوو ناوچە کوردستانییە، بەشێک بوو لە پێشنیازەکانى لیژنەى دارایی، بۆ ئەوەى بۆ بڕگەى یەکەمى مادەى 49 زیاد بکرێت کە بودجەکەى 50 ملیار دینارە و راستەخۆ بەستراوە بە ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراقەوە، ئامانج لێى ئاوەدانکردنەوەى ئەو ناوچانەى قەزاى شنگال و دەشتى نەینەوایە کە بەهۆی هێرشى داعشەوە زەرەمەند بوون.
لە ساڵى 2014 چەکدارانى رێکخراوى داعش زۆرینەى ناوچەکانى سنوورى پارێزگاى نەینەوایان کۆنتڕۆڵ کرد، بەر لەوەى لە ساڵى 2017 بە تەواوى لەژێر دەستیان دەربهێندرێت.