ئانۆ جەوهەر لە مێزگردێکی رووداو: دەکرێت دەنگدانی تایبەت بۆ پێکهاتەکان چارەسەر بێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات پرسی کۆتا نەکرێتە بەشێک لە گرژییە سیاسییەکان. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، هێشتا تێگەیشتنێکی "باش" لەسەر پرسی کۆتا و بەشداریکردنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نییە.
ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی کۆتا و دواخستنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان گرفتێکی گەورەیە لە بەردەم هەرێمی کوردستان، بۆیە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بە پێویستی زانی مێزگردێک رێکبخات، تێیدا هەموو لایەنەکان گفتوگۆی کراوە لەسەر پرس و کێشەکان بکەن بەمەبەستی چارەسەرکردنیان.
مێزگردی "کورسی کۆتا و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان" لە 08-06-2023 بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حیزبی، وەزیر، نوێنەری پێکهاتەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای گفتوگۆکەدا، ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە کە هەمیشە داوایان لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە کە پرسی کۆتا نەکرێتە بەشێک لە گرژییە سیاسییەکان و ئەوان هەمیشە داوایان کردبوو هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
ئایدن مەعرووف جەختی لەوە کردەوە، پرسی هەڵبژاردن "دەبێت دووربخرێتەوە لە کێشە سیاسییەکان" و جەختی لە هەبوونی پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان کردەوە.
لەلایەکی دیکەوە، د. مونا یوحەنا، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر پشکی کریستیان ئاشکرای کرد، هێشتا تێگەیشتنێکی "باش" لەسەر پرسی کۆتا و بەشداریکردنیان لە کایەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نییە. گوتیشی، "چەمکی کۆتا پێویستی بە داڕشتنەوەیە."
لەبارەی دوایین بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، د. مونا یوحەنا نەیشاردەوە کە ئەوان ئومێدەواربوون یاسای هەڵبژاردن بگۆڕێت لەبەر کێشە و گرفتەکان، بەڵام وادیارە بە هەمان یاسای پێشوو هەڵبژاردنی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
لە روانگەی ئەو پەرلەمانتارەوە گرفتە سەرەکییەکە ئەوەیە هەندێک حیزب کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکانی کۆتا و ئەوەش وادەکات "نوێنەری راستەقینەی" خۆیان لە پەرلەمان نەبێت. مونا یوحەنا چارەسەری بۆ گرفتەکە خستەڕوو و پێیوابوو، هەڵبژاردنێکی هاوشێوەی ئەوەی ساڵی 1992 کە سندووقی تایبەت بە کریستیانەکان هەبوو چارەسەرێکە بۆ کێشەکە.
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە قسەکانی د. مونا یوحەنا کرد و پێیوابوو، دەکرێت دەنگدانی تایبەت بۆ پێکهاتەکان چارەسەر بێت و دەکرێت ئەمە لە ئاڵۆزییە سیاسییەکان دووریان بخاتەوە. ئانۆ جەوهەر پاڵپشتی لەوە کرد، تەنیا کریستیان بتوانێت دەنگ بە کریستیان بدات بۆ ئەوەی ئەوانەی دەردەچن نوێنەری راستەقینەی کریستییانەکان بن.
شەمعون شلێمۆن، جێگری پارێزگاری دهۆک داوایکرد، کۆتا نەکرێتە بەشێک لە ململانێی لایەنە سیاسییە بەهێزەکان. شەمعون شلێمۆن باسی لە ئەزموونی وڵاتانی وەک ئێران، ئەردەن و ئۆکراینا کرد کە پێکهاتەکان دەتوانن بە دەنگی کەمەوە بگەنە پەرلەمان.
هەروەها ئازاد ئەکرەم، ئەندامی لیستی میللەت گوتی، ئەم دۆخە جێگەی پرسیارە، کێی لێی بەرپرسە؟؛ بە گرنگیشی زانی پێکەوە لەگەڵ پارتی و یەکێتی دانیشتن هەبێت و رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی ئەوەی بتوانن کێشەکانی نێوان ئەو دوو حیزبە چارەسەر بکەن. هەروەها ئاشکرایکرد، مەترسیی راستەقینە لەسەر کولتوور و زمانی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
هاوکات سارا دڵشاد، نوێنەری پارتی گەشەپێدانی تورکمانی باسی لەوە کرد، ئەوان بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدانین دەنگەکان جیابکرێنەوە. یاسای ژمارە 5ی 2015ی بە یاسایەکی "گرنگ"ی دانا و بە پێویستی زانی زیاتر بایەخی پێبدرێت.
گوتیشی، "لیستی تایبەت یان رۆژی تایبەت بۆ پێکهاتەکان بۆ دابنرێت؟ ئێمە خەڵکی رەسەنی ئەم وڵاتەین و هەموومان پێکەوە خزمەتی هەرێمی کوردستان دەکەین."
سارا دڵشاد پێیوابوو، تورکمان لە هەرێمی کوردستان زیاتر مافەکانی خۆیان وەرگرتووە بەراورد بە بەغدا کە هیچ کورسییەکی کۆتا نادات بە تورکمان. لە کۆتای قسەکانیدا داوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی کرد بۆ ئەوەی چیدیکە پرسی پێکهاتەکان نەبێتە بیانووی دواخستنی هەڵبژاردن.
هیمداد سەباح، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بابەتی پێکهاتەکان کرایە ئامرازێکی سیاسی بۆ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان. پێیوابوو ئەگەر "یاسا سەروەر" بێت زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەبن.
هیمداد سەباح روونیکردەوە، کێشەی جێبەجێکردنی یاسا لە هەرێمی کوردستان هەیە. هەروەها بە پێویستی زانی سازانێک لە نێوان یەکێتی و پارتی هەبێت، چونکە دوایین بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق "مەترسی هەڵوەشاندن و لاوازکردن" دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان.
کلدۆ رەمزی، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەریی سریانی جەختی لەوە کردەوە، دەبێت پێکهاتەکان خۆیان بڕیار بدەن کێ نوێنەرایەتییان بکات و دەبێت ئەم پرسە بە هێمنی گفتوگۆی لەسەر بکرێت نەک بە تووندڕەوی. کلدۆ رەمزی لاری نەبوو لایەنەکانی دیکەش بەربژێریان هەبێت لە پێکهاتەکان، بەڵام بە مەرجێک کێبڕکێیەکی "راستەقینە" هەبێت.
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، نەبوونی پەیوەندی راستەوخۆی نێوان لایەن سیاسییەکان و پێکهاتەکان هۆکاری کێشە و گرفتەکانی ئەمڕۆیە.
بێستوون حەمەساڵح ئاشکرای کرد، پێکهاتەکان نەیانتوانیوە نوێنەرایەتیی راستەقینەی پێکهاتەکانیان بکەن. هەروەها پاڵپشتی حیزبەکەی بۆ سەربەخۆیی پێکهاتەکان دووپاتکردەوە و پێویستی زانی ئەوان سەربەخۆیانە بڕیار بدەن. لە کۆتایی قسەکانیدا دانانی دەنگدان و سندووقی تایبەت بە پێكهاتەکان بە باشترین چارەسەر بۆ گرفتەکە دانا.