سزای لەسێدارەدانی مەلا محەممەد خزرنەژاد هەڵوەشێندرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی مەلا محەممەد خزرنەژاد، مامۆستای ئایینیی خەڵکی بۆکان پشتڕاست کرایەوە و سزاکەی کراوەتە بەندکردنی تاهەتایی.
 
ماڵپەڕی فەرمیی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاویکردەوە، سزای مەلا محەممەد خزرنەژاد پلە یەک کەمکراوەتەوە و لە لەسێدارەدانەوە گۆڕدراوە بۆ بەندکردنی تاهەتایی.
 
قەسیم عوسمانی، پەرلەمانتاری بۆکان رۆژی دووشەممە 10-06-2024 رایگەیاند، لە ئەنجامی بەدواداچوون و هەوڵدانی ئەو، سزای لەسێدارەدانی مەلا محەممەد خزرنەژاد هەڵوەشاوەتەوە؛ بەڵام دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەڵێت، هەڵوەشاندنەوەی سزاکە لە ئەنجامی بەدواداچوونی مامۆستایانی ئایینی سوننە مەزهەب بووە.
 
مەلا محەممەد خزرنەژاد لە 20-12-2023 لە دادگەی شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گرووپی پەڕگیری مەزهەبی، زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی ئێران و بانگەشەکردن دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، بە لەسێدارەدان و 16 ساڵ بەندکران سزا درا.
 
دوای بڕیارەکەی دادگە، ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی ئایینی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران تۆمەتەکانی دژ بە مەلا محەممەد خزرنەژادیان رەتکردەوە و داوایان کرد، سزاکە هەڵبوەشێندرێتەوە، بەڵام لە مانگی 4ی 2024 دیوانی باڵای دادوەریی ئێران سزاکەی پەسند کرد.
 
مەلا محەممەد خزرنەژاد، تەمەن 45 ساڵ لە 19-11-2022 و لە کاتی ناڕەزاییەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، دوای بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ناشتنی یەکێک لە قوربانییەکان و قسەکردن لە رێوڕەسمەکەدا لە بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
 
ئەو مامۆستا ئایینییە لە ساڵی 2019 بە گوشاری ئیتڵاعات لە پێشنوێژیی مزگەوتی ناچیتی بۆکان دوورخراوەتەوە.