یەکەم توشبووى تاى خوێنبەربوون لە پارێزگای سەلاحەدین تۆمارکرا
رووداو دیجیتاڵ
یەکەم توشبووی تاى خوێنبەربوون لە پارێزگاى سەلاحەدین تۆمارکرا کە پیاوێکى 41 ساڵە. ڤێتێرنەری پارێزگاکە پێشنیاز دەکات شوێنەکەى دەرمان پرژێن بکرێت.
بە گوێرەى نووسراوى نەخۆشخانەى ڤێتێرنەری پارێزگاى سەلاحەدین کە ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی حوزەیرانى 2025 ئاراستەى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتى کشتوکاڵى عێراقی کردووە، ئەو کەسە تووشی تاى خوێنبەربوون بووە.
یاسین داودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەمە یەکەم توشبووى تاى خوێنبەربوونە کە ئەم ساڵ لە سەلاحەدین تۆمار بکرێ. ئەو کەسە عەرەبە و خەڵکى قەزاى سامەرایە".
ڤێتێرنەری سەلاحەدین ئاماژەى بەوەداوە کە ئەو کەسە ناوى کەهلان فەتاح هیلالە، تەمەنى 41 ساڵە، 9ـی حوزەیران پشکنینى بۆ کراوە و دوو رۆژ دواتر ئەنجامەکەى دەرکەوتووە.
لە نووسراوەکەدا پێشنیازى ئەوە کراوە لەو ناوچەیەی تووشبووەکەى لێ بووە، هەڵمەتێکى دەرمانپرژێنکردن بۆ ئاژەڵ و گەوڕەکان بکرێت.
دوايین ئامار کە وەزارەتى تەندروستیی عێراق لەبارەى توشبووانى تاى خوێنبەربوون بڵاوی کردبێتەوە لە 5ـی حوزەیران بوو کە تێیدا رایگەیاند، ئەم ساڵ 107 کەس تووشى ئەو پەتایە بوون و 16یان گیانیان لەدەستداوە.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ و لە رێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ دەگوازرێتەوە و مرۆڤ لە ئاژەڵەوە دەیگرێت.