لە 5 رۆژی رابردوودا نزیکەی 35 هەزار گەشتیار لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە هاتووچۆیان کردووە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەڵێت، لە هەر رۆژێکی جەژنی قورباندا تێکڕا 7 بۆ 8 هەزار گەشتیار لە دەروازەکەیانەوە هاتووچۆیان کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2025، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەی گەشتیاران لەم جەژنەدا بەراورد بە جەژنی رەمەزان زیادی کرد. لە جەژنی رەمەزاندا کەمتر لە 20 هەزار گەشتیار لە دەروازەکەمان هاتووچۆیان کرد."
 
بە گوتەی سیروان حوسێن، "ئەم جەژنە رۆژانە تێکڕا 7 بۆ 8 هەزار کەس لە دەروازەی حاجی ئۆمەران- تەمەرچینەوە هاتووچۆیان کرد، بەڵام چوون زیاتر بوو." دەروازەی حاجی ئۆمەران لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێی دەگوترێ، تەمەرچین. 
 
لەبارەی هۆکاری زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران گوتی: "کەشوهەوا جێگیر و گەرمە؛ بەشێکی زۆری قوتابییان دەوامی خوێندنیان تەواو بووە و لە پشووی هاویندان."
 
بەپێی ئامارەکانی دەروازەی حاجی ئۆمەران، لە پێنج رۆژی رابردوودا نزیکەی 35 هەزار گەشتیار لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە هاتووچۆیان کردووە.
 
سێ دەروازەی فەرمی و نێودەوڵەتی لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان هەن؛ پەروێزخان و باشماخ لە پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر.
 
بەگوێرەی ئاماری پارێزگای هەولێر، لە رۆژانی جەژنی قورباندا زیاتر لە 89 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگەکەیان کردووە.