سەرۆک بارزانی لەبارەی کەریم شنگالییەوە: پیاوی رۆژانی تەنگانە بوو
رووداو دیجیتاڵ
تەرمی کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی پێشووی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دووبەی ئیماراتەوە گەڕێندرایەوە هەولێر. سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی پێشوازیکردنیدا گوتی، "بەڕاستی پیاوی رۆژانی تەنگانە بوو".
رۆژی 10-6-2025، کەریم شنگالی بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 75 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
سەرۆک بارزانی لە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەکاتی پێشوازیکردن لە تەرمەکەی، گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، "لەم رۆژەدا زۆر ئەستەمە مرۆڤ بتوانێت قسە بکات، چونکە هەڤاڵێکی زۆر نزیک، برایەکی زۆر خۆشەویستمان لە دەست دا".
سەرۆک بارزانی باسی لە مێژووی کەریم شنگالی کرد، "کاک کەریم هەر لە تەمەنی منداڵییەوە، لە خانەوادەیەکی کوردپەروەر پێگەیشتووە. کە قوتابی بوو لە کۆلێژی یاسا لە بەغدا، لەو کاتەوە کەریم ئەندامێکی چالاک بوو لە پارتی دیموکراتی کوردستان. دوای رێککەوتنی 11ـی ئازاریش، زۆر گەنج بوو، بەڵام کە دەرچوو لە زانکۆ، سەرپەرشتیی ئەو پرۆسەیەی کرد، شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول".
عەبدولکەریم سوڵتان عەبدوڵڵا، ناسراو بە کەریم شنگالی، ساڵی 1950 لەدایکبووە و پێشمەرگەی شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان بووە.
لە ساڵی 2022دا کەریم شنگالی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی چووە دەرەوە و لە حوزەیرانی 2022دا گەڕایەوە، لەو کاتەوە لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بوو.
سەرۆک بارزانی لەبارەی کەسایەتی کەریم شنگالییەوە دەڵێت، "لە رۆژانی تەنگانەدا، بەڕاستی پیاوی رۆژانی تەنگانە بوو. من شاهیدم، شاهیدی تێکۆشان، دڵسۆزی و وەفاداری ئەو برایەم. سەرەخۆشی لە کەسوکاری دەکەم، بەڵام بەر لەوە سەرەخۆشی لە خۆم دەکەم، جێگەی بەهەشتە ئینشائەڵڵا و مردن رێگایەکی حەقە. هەر کەسمان بە رۆژی خۆی دەگات و ئینشائەڵڵا خوا ئەم میللەتە بپارێزێت و کوردستان بەختەور بێت و ئاوەدان بێت و رۆڵەی دڵسۆزی وەکو کاک کەریمیش ئینشائەڵڵا هەمیشە هەر لە خزمەتی ئەم وڵاتەدا بن".
لەبارەی کەریم شنگالییەوە:
- ناوی تەواوی عه‌بدولكه‌ریم سوڵتان عه‌بدوڵڵایە.
- ساڵی 1950 لە شاری موسڵ لەدایکبووە.
- ساڵی 1971 به‌كالۆریۆسی له به‌شی یاسا له كۆلێژی یاسا و رامیاریی زانكۆی به‌غدا بەدەستهێنا.
- ساڵی 1971 تاوەکو 1973 له شاری به‌غدا کاری پارێزەرایەتی کرد.
- ساڵی 1967 په‌یوه‌ندی به ریزه‌كانی یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستانه‌وه كرد.
- ساڵی 1969 ئه‌ندام ناوچه بوو له لیژنه‌ی ناوچه‌ی به‌غداى سه‌ر به لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان.
- له ئاداری 1973 په‌یوه‌ندی به ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه كرد.
- ساڵی 1975 بە راسپاردەی بارزانی نەمر لەگەڵ کۆمەڵێک کادیری دیکە راسپێردراون بۆ هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش و رێنماییان لە سەرۆک مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانییەوە وەرگرتووە.
- لەگەڵ جەوهەر نامیق سالم لە ساڵی 1975 چووەتە باکووری کوردستان و لەوێوە چوونەتە دەڤەری بادینان بۆ هەڵگیرساندنەوە و سەرکردایەتی شۆڕش لەو دەڤەرە.
- ساڵی 1976 له كۆنفڕانسی به‌رلین بووه ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی كاتیی پارتی دیموكراتی كوردستان.
- ساڵی 1979 ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاماده‌كاریی کۆنگرەی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بوو له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان.
- له ئاداری 1992 به نوێنه‌رایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌لایه‌ن به‌ره‌ی كوردستانییەوە به ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ده‌ستنیشانكرا.
- له کۆنگرەی یازده‌یه‌م لە ساڵی 1993 به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردرا.
- ساڵی 1993 تاوەکو 1994 به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی گشتیی هه‌رێمی كوردستان بوو.
- لە کۆنگرەی دوازدەیەم لە ساڵی 1999 بە ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردرایەوە.
- له كابینه‌كانی چواره‌م، پێنجه‌م، شه‌شه‌م، حه‌وته‌م و هه‌شته‌م وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بوو.
- ساڵی 2010 لە كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌م به ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و دواتر مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردرا.
- زۆر جار رۆڵی گەورەی هەبووە لە دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی بەغدا، لەوانەش لەدوای گشتپرسی و 16 ی ئوکتۆبەری 2017 دا.
- دوای دامه‌زراندنی كابینه‌ی نۆیه‌می هه‌رێمی کوردستان بووە راوێژکار له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و دواتریش بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.