نازم دەباغ: ئێران ئاگاداریکردینەوە تۆڵەی کوژرانی فەرماندەکەی دەکاتەوە

رووداو - هەولێر 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران رایگەیاند، بەر لە تۆپبارانکردنی سنوورەکانی باشووری کوردستان، ئێران ئاگاداریکردینەوە تۆڵەی کوژرانی فەرماندە و دوو سەربازەکەی سوپای پاسداران لە حیزبە کوردییەکان دەکاتەوە.

نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە فەرماندەیەک و دوو سەربازی سەر بە سوپای پاسداران لەلایەن چەند چەکدارێکەوە کوژران، کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگاداریکردینەوە "تۆڵەی کوژرانی ئەو فەرماندە و سەربازانە لە حیزبەکانی سنووری هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، چونکە بە گوتەی ئەوان ئەو کردە سەربازییە لەلایەن ئەوانەوە ئەنجامدراوە".

نازم دەباغ گوتی "ئەو کردەیەی لە سنووری پیرانشار ئەنجامدرا، لە کاتێکی هەستیاردا بوو، ئەگەر حیزبە ئێرانییەکانی باشووری کوردستان دەستیان تێیدا هەبووبێ، دەبوو رەچاوی ئەوە بکەن کە هەرێمی کوردستان لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەتدایە و، رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نەشکێنن".

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، یەکێک لە دیارترین فەرماندە سەربازییە خۆجێییەکانی سوپای پاسداران لەگەڵ دوو ئەندامی دیکەی سوپای پاسداران  لە هێرشێکدا کوژران و چەکدارێکی دیکەش برینداربوو.  

حاسڵ ئەحمەدی، ناسراو بە حاسڵ ئێلخانی، خەڵکی شاری پیرانشاری سەر بە پارێزگای ورمێ، لەنێو سوپای پاسداراندا پلەی عەقید "سەرهەنگ"ـی هەبووە، کاژێر 06:00ـی ئێوارەی چوارشەممە لەگەڵ دوو ئەندامی دیکەی سوپای پاسداران تەقەیان لێکرا و کوژران و ئەندامێکی دیکەش دیکەش برینداربوو.

ماوەی دوو رۆژە گوندەکانی سنووری سیدەکان و حاجی ئۆمەران لەلایەن تۆپخانەکانی ئێرانەوە تۆپباران دەکرێن، بەهۆی تۆپبارانەکەشەوە دوێنێ لە گوندی دێرێی سەر بە سیدەکان، کچێکی تەمەن 18 ساڵ بە ناوی "زەیتوون قادر" گیانی لەدەستدا، دوو براشی بە ناوەکانی "سیروان" تەمەن 23 ساڵ و "ئیسماعیل" تەمەن 14 ساڵ بە سەختی برینداربوون. تۆپباران ئەمڕۆش لە ناوچەکە بەردەوامە بەجۆرێک دانیشتووانی سێ گوندی سنووری ناحیەی حاجی ئۆمەران ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن.

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رۆژی 10-7-2019 ناڕەزایەتی خۆی دژی هێرشکردنە سەر سوپای پاسداران لە پیرانشار، هەروەها تۆپبارانەکەی ئێران بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان دەربڕی و، راشیگەیاند "حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان داوا لە کۆمارى ئیسلاميى ئێران دەکات بۆردوومانكردنى ناوچه‌كە رابگرێت و نه‌بێته‌ هۆى دڵه‌ڕاوكێ و ده‌ربه‌ده‌ربوونى دانيشتووان".