کەشناسی: پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە. کەشناسێکیش ئاماژە بەوە دەکات، لە سبەینێوە شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کاریگەرییەکەی لە رۆژی پێنجشەممەوە زیاتر دەبێت و ماوەکەشی زیاتر لە هەفتەیەک دەخایەنێت.

دوای چەند رۆژێک لە دابەزینی پلەی گەرما، رۆژی سێشەممە، 11ـی تەممووزی 2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەراورد بە ئەمڕۆ، سبەی چوارشەممە 1 بۆ 2 پلە، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە.
 
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؛ سبەی یەک بۆ دوو پلە، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە، بەڵام دوو سبەی پێنجشەممە بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما 5 پلە بەرز دەبێتەوە".
 
ئاراس جەبار گوتیشی، "لەم شەپۆلەدا کە پێدەچێت هەفتەیەک زیاتر بخایێنێت، پلەی گەرما لە سەنتەری هەولێر 45 بۆ 46 پلەی سیلیزی دەبێت؛ لە سلێمانی 42 بۆ 43 پلە؛ دهۆک 43 بۆ 44 پلە؛ هەڵەبجە 44 پلەی سیلیزی و لە گەرمیانیش دەگاتە 47 پلەی سیلیزی".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی چوارشەممە بەرزترین پلەی گەرما لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
- هەولێر؛ 41 
- سلێمانی؛ 39
- دهۆک؛ 39 
- کەرکووک؛ 44
- هەڵەبجە؛ 41
- زاخۆ؛ 41
- سۆران؛ 37 
- گەرمیان؛ 45