حکومەتی عێراق بڕیاریدا گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بکڕێت و 10 ملیاریش بۆ پاسەوانی سنوور تەرخان بکات


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا 10 ملیار دینار بۆ پاسەوانی سنووری هەرێمی کوردستان دابین بکرێت. هاوکات رێگەی بە وەزارەتی نەوتی عێراق دا کە گاز لە کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان بکڕێت بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانی کارەبایەی وڵاتەکەی گرتووەتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ژمارەیەک بڕیار دران لەوانە؛ دابینکردنی 10 ملیار دینار بۆ دروستکردنی خاڵە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران لەنێو هەرێمی کوردستان. 
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، خاڵە سنوورییەکانی نێوان عێراق و تورکیا تەواو دەکرێن، دوای پەسندکردنی بودجەی گشتی. 
 
فەرماندەیی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور کە سەر بە حکومەتی عێراقە، ئەرکی پاراستنی سنوورەکانە لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە کە بە درێژایی نزیکەی هەزار و 30 کیلۆمەتر دەگرێتەوە.
 
ئەم بڕیارە لە کاتێكدایە، چەندین مانگە کۆماری ئیسلامیی ئێران جەخت لە تووندوتۆڵکردنی سنووری نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان دەکات.
 
سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رۆژی سێشەممە، 11-7-2023، هۆشداریی دایە حکومەتی عێراق و رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ "بەڵێنی چەککردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێ نەکات، هێرشی تووندتر لە جاران دەکاتە سەر ئەو حیزبانە." 
 
محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کۆبوونەوەی فەرماندەکانی هێزی وشکانیی سوپای پاسداراندا لە شاری مەشهەد رایگەیاند، دوا وادەی عێراق بۆ چەککردنی حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی مانگی ئەیلوولە. 
 
بەرپرسە باڵا سەربازییەکەی ئێران دەشڵێت، "دان بەخۆماندا دەگرین؛ هیودارین عێراق پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، بەڵام تاوەکو ئەو وادەیە ئەو گرووپانە چەکدار بمێنن یان ئۆپەراسیۆنێک ئەنجام بدەن، بەهێزتر لە جارانی پێشوو هێرش دەکەین."
 
بەگوتەی محەممەد باقری، "بەداخەوە هەندێک وڵاتانی دراوسێ لەبارەی سنوورەکانەوە بەرپرسیارێتییان بەباشی جێبەجێ ناکەن، ئەو گرووپە دژبەرانەی لە باکووری عێراقن چەکدارن و ئاسایشی سنوورەکانمان دەخەنە مەترسییەوە. حکومەتی عێراق تاوەکو مانگی ئەیلوول بەڵێنەکانی لەبارەی ئەو گرووپە چەکدارانەوە جێبەجێ نەکات، ئۆپەراسیۆنی بەهێزتر لە جاران لە دژی ئەو گرووپانە دووبارە دەکەینەوە."
 
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە "رەزامەندی درا وەزارەتی نەوتی عێراق گاز لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بکڕێت". 
 
ئامانجی حکومەتی عێراق لەم بڕیارەی بریتییە لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کە ئێستا بەشێکیان بە بۆنەی بڕینی گازی ئێرانەوە رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە. 
 
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە سنووری شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.