عەزام حەمدانی: لە کەرکووک تەنیا عەرەب یەکدەنگە؛ کورد و تورکمان کێشەی ناوخۆییان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی هاوپەیمانی عەزم دەڵێت، هەموو نەتەوەکان لە کەرکووک داوای پۆستی پارێزگار دەکەن، ئەوەش هۆکاری چەقبەستنی سیاسییە. باس لەوەش دەکات، ئێستا تەنیا عەرەب لە کەرکووک یەکدەنگ و بڕیارە، کورد و تورکمان ناکۆکیی ناوخۆییان هەیە لەبارەی پارێزگار و پۆستەکانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک.
عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، هیچ پیلانگێڕییەک نییە لە کەرکووک بۆ پەراوێزخستنی هیچ لایەنێک و گومانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ئەمڕۆ بووە هۆی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەجێی خۆیدا نییە.
گوتیشی "ئێستا هیچ نەخشەڕێگەیەکی روون نییە بۆ تێپەڕاندنی ئەو بنبەستە سیاسییەی لە کەرکووک دروستبووە و هۆکاری بنبەستەکەش ئەوەیە هەموو لایەنەکان داوای پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەکەن و تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک ئامادە نییە نەرمی بۆ لایەنێکی دیکە بنوێنێت، "هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی نییە لەنێوان نەتەوەکانی کەرکووک لەبارەی حکومەتی خۆجێیی هەربۆیە حکومەتی فیدراڵی گوشاری کرد بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا".
گوتیشی، ئەگەر لایەنەکان لەماوەی دەستنیشانکراوی خۆیدا بەپێی یاسا نەگەنە هیچ رێککەوتنێک لەبارەی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک، دەبێ حکومەتی فیدراڵی دۆخەکە چارەسەر بکات.
"ناکۆکی ناوخۆیی"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئەندامەکەی هاوپەیمانیی عەزم باسی لە ناکۆکیی ناوخۆیی پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک کرد و گوتی، تەنیا عەرەب یەکدەنگ و یەک بڕیارن و نەتەوەکانی دیکە چ کورد و چ تورکمان کێشە و قەیرانی نێوخۆییان هەیە، "پێکهاتەی عەرەب رێگەنادات لە کەرکووک ناوماڵی پەرت بکرێت و ئامادەیە بۆ هەموو پێشهاتەکان".
حەمدانی دەڵێ، "زیاتر لە بەربژێرێکمان بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک هەیە، چەند کەسێکی شیاومان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەستنیشانکردووە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەربژێرێکی دیاریکراو نەدراوە".
بە گوتەی ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی عەزم پێشتر 'نیمچە رێککەوتنێک' لەنێوان لایەنەکانی کەرکووک گەڵاڵە کرابوو بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگار بەشێوەی دوو ساڵ بە دوو ساڵ لەگەڵ پۆستەکانی دیکە لەنێوان نەتەوەکان ئاڵوگۆڕیان پێبکرێت، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ئەو لێکتێگەیشتنە نەبوو.
گوتیشی، ئاستەمە هیچ لایەنێک بتوانێت بە تەنیا چوار ساڵ پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت، چونکە دۆخی سیاسی و نەتەوەیی پارێزگاکە رێگە بەوە نادات تەنیا یەک لایەن بەڕێوەی ببات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-ی تەمووز، دوای حەوت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەیەکی 10 خوولەکی بەبێ دەرکردنی هیچ بڕیارێک ئەنجامدا و بەپێی یاسا لە ئەمڕۆوە تاوەکو 30 رۆژی دیکە پێویستە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن رێکبکەون و حکومەتی خۆجێیی پێکبهێنرێت.