کێ بەشداریی رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە دەکات؟
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەمڕۆ هەینیی لە باشووری کوردستان چەکەکانیان دادەنێن. رێوڕەسمەکە بە بەشداریی دەیان میوانی دەرەوە و نێوخۆی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
بەشێک لە بەشداربووانی رێوڕەسمەکە:
- هێمن هەورامی، نوێنەری سەرۆک ،مەسعود بارزانی
- دڵشاد شەهاب، نوێنەری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
- نوێنەری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان
- بەسێ هۆزات و مستەفا قەرەسوو، نوێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان.
- لیوا تارق ئەحمەد، نوێنەری وەزارەتی نوخۆی هەرێمی کوردستان.
جگە لە کوردستان و تورکیا، شاندێک لە ئەورووپا و ئەمریکاوە بەشداری دەکەن، کە زیاتر لە 30 کەس لە پەرلەمانتار، کەسانی ئەکادیمی و سیاسین.
بەشدارانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بەشێکیان گەیشتوونەتە قەزای دووکان و بەشێکیش لە رێگەدان.
ڕێوڕەسمەکە لە کوێ بەڕێوەدەچێت؟
رێوڕەسمەکە لە باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا شوێنەکەی بۆ رای گشتیی ئاشکرا نەکراوە.
کەی دیمەنەکان بڵاودەکرێنەوە؟
رێگە بە راگەیاندکاران نادرێت، رێوڕەسمەکە راستەوخۆ رووماڵ بکەن، بەڵام کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دەڵێت، دوای کاژێر 11 دیمەنەکان بۆ رای گشتیی بڵاودەکرێنەوە.
چەند گەریلا چەک دادەنێن؟
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، 33 بۆ 44 گەریلا لە رێوڕەسمەکە چەک دادەنێن.
پەکەکە چۆن بڕیاری چەکدانانی دا؟
دوای چەند سەردانێکی شاندی دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی، رێبەری پەکەکە لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
لەسەر ئەو داوایەی ئۆجەلان، پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی ئایار 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی میلـلی تورکیا و ژمارەیەک لە پارتەکانی تورکیا پێشوازییان لە بانگەوازی ئۆجەلان کرد و پرۆسەکە پێی نایە قۆناخێکی نوێ و بەردەوامە.